ماڵی پەرستارانی ئێران: ئەرکی پزیشکی وەک تاوان دەبیندرێت

‌وێنەی خۆپیشاندەران کە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژراون

سکرتێری گشتی ماڵی پەرستارانی ئێران، لە بارەی دۆخی ناوخۆی ئێران و دەستگیرکردنی پەرستارانەوە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئیلنا ئەنجامداوە و دەڵێت "دەزگا ئەمنییەکان ئەرکی پزیشکیش وەک چالاکییەکی سیاسی و تاوان دەبینن".

چوار شەممە، ١١ شوبات ٢٠٢٦، محەمەد شەریفی موقەدەم، سکرتێری گشتیی ماڵی پەرستارانی ئێران باسی لەوەکرد ژمارەیەکی زۆر لە پەرستاران لە خۆپێشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستبەسەر کراون، کە تەنها بەهۆی ئەنجامدانی ئەرکی مرۆیی و پیشەیی خۆیان دەستبەسەرکراون، ئەم دەستبەسەرکردنانە تەنها لە تاران نەبووە، بەڵکو پەرستارانی چەندین شاری دیکەی وڵاتەکە گرتووەتەوە.

بە هۆی پاڵپشتی نەکردنی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پەرستارانەوە محەمەد شەریفی وتویەتی "پەرستاران وا هەست دەکەن هیچ پشتیوانێکیان نییە".

سکرتێری گشتیی ماڵی پەرستارانی ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد "پەرستار لە هەر شوێنێک (لە ناو نەخۆشخانە یان دەرەوە) بریندارێک ببینن، ناچارن یارمەتی بدەن و ئەمە نەک تاوان نییە، بەڵکو ئەرکێکی یاسایی و مرۆییە، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان ئەرکی پزیشکیش وەک چالاکییەکی سیاسی و تاوان دەبینن".

لە ٢٨ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامی خۆپیشاندانەکان هەموو ڕێگایەکیان بەکارهێنا لە کوشتن و بریندارکردن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و بە پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت هەتا ئێستا هەوڵی شاردنەوەی تاوانەکان دەدەن، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشبینی دەکەن بە سەدان هەزار کەس کرابنە قوربانی، بەڵام بە فەرمی تا ئێستا کوژرانی نزیکەی ٧ هەزار کەس پشتڕاستکراوەتەوە بە هەبوونی ناسنامەکانیان.




AM:12:04:12/02/2026