میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە لە ئێستادا "لە لایەن بەرپرسانی عومانەوە پەیامێکی ئەمریکایان وەرگرتوە و لە تاران تاوتوێی دەکەن".
پێنج شەممە، ١٢ شوبات ٢٠٢٦، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ڕایگەیاند "لە سەردانەکەمدا بۆ عومان و قەتەر، هیچ پەیامێکم بۆ ئەمریکا نەناردووە، بەڵام دۆستانمان لە سەڵتەنەی عومان لەگەڵ ئەمریکییەکان بەردەوامن لە پەیوەندیی و لەلایەن ئەوانەوە پەیامێکی ئەمریکییەکانمان پێگەیشتووە، بۆ ئەوەی لە تاران تاوتوێیان بکەین".
سەبارەت بە بەردەوامی دانوستاندنەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، ئەو بەرپرسە ئێرانیە وتویەتی "بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستانی ناڕاستەوخۆکان، هێشتا کات دیاری نەکراوە، بەڵام هەردوولا پێیان باشە درێژە بە دانوستان بدەن، دەبێ شاندی دانوستانکاری هەردوو وڵاتە لە پایتەختەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتەکانیان راوێژ بکەن، بۆ ئەوە دانوستان ئەنجامی ئەرێنی و درێژە پێدانی هەبێت".
عەلی لاریجانی دەڵێت"بەرنامەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزا سەپێندراوەکان بابەتی سەرەکی دانوستانەکانە"ی نێوان هەردوو لایە.
هەینی ڕابردوو ٦ شوبات ٢٠٢٦، یەکەم دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عومان بەڕێوەچوو.