بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی سەبارەت بە ڕاکردنی ژن و منداڵانی چەکدارانی داعش لە ناو کەمپی هۆل بڵاویکردوەوە " زۆربەی خێزانی چەکدارە بیانییەکانی داعش، کامپی هۆلیان لە سوریا بەجێهێشتووە، ئەوەش دوای کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ڕادەستکردنی کامپەکە بە حکومەتی سوریا".
ڕۆژی پێنج شەممە، ١٢ شوبات ٢٠٢٦، ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند" بەپێی سەرچاوەکان و شایەتحاڵەکان، بەشێک لە دانیشتوانی سوریی کامپەکە کە ژمارەیان لە ١٥ هەزار کەس زیاترە، لەگەڵ عێراقییەکان کە ژمارەیان لە ٢ هەزار و ٢٠٠ کەس زیاترە، شوێنەکەیان چۆڵ کردووە".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە سەرچاوەیەک لە ڕێکخراوێکی مرۆیی بە میدیا فەرەنسیەکەی وتوە"لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە، تەنها ٢٠ خێزان لە بەشی کۆچبەران (بەشی تایبەت) ماونەتەوە".
لە بارەی بەڕێوەبردنی ئێستا کەمپەکە ئانسی فرانس پرێس نوسیویەتی "سەرچاوەیەک لە ئیدارەی کامپەکە، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریایە، جەختی کردەوە کە دەسەڵاتداران هێشتا سەرقاڵی ئامارکردنی دانیشتوانی کامپەکەن، بەبێ ئەوەی پشتڕاستی بکاتەوە کە کەس لە کامپەکە هەڵاتبێت".
هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە ئەگەری هەڵاتنی زیندانیەکاندا بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندوە "هۆکاری هەموو ئەمە، ئەگەر ڕوویدابێت (وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری هەڵاتنی دانیشتوان)، لە ئەستۆی هێزەکانی هەسەدە یە کە لە شوێنەکە کشانەوە پێش ئەوەی پڕۆسەی ڕادەستکردنەکە تەواو ببێت".
کەمپی هۆل، یەکێکە لە گەورەترین کەمپەکانی جیهان، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری حەسەکە، ئەم کەمپە بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و مرۆییەوە بە "بۆمبێکی چێنراو " ناو دەبرێت، دوای ساڵی ٢٠١٩ و شکستی کۆتایی داعش لە باغۆز، بوو بە شوێنی نیشتەجێبوونی هەزاران خێزانی چەکدارانی داعش، لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٧٠ هەزار کەس بوە لە ساڵی ٢٠١٩.