ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "ئەمریکا هەزاران ئامێری ستارلینکی بە قاچاخ بردە ناو ئێرانەوە دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان".
ڕۆژنامەکە ڕۆژی پێنج شەممە، ١٢ شوبات ٢٠٢٦، بڵایکردەوە "بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئیدارەی ترەمپ بە نهێنی هەزاران ئامێری ستارلینکی ناردووە بۆ ناو ئێران دوای سەرکوتکردنی دڕندانەی ڕژێم بۆ سەر خۆپیشاندانەکان لە مانگی ڕابردوودا، ئەم کارە هەوڵێکە بۆ هێشتنەوەی ناڕەزاییەتیەکان لە ڕێگای ئۆنلاینەوە دوای پچرینی ئینتەرنێت لەلایەن تارانەوە ".
"ئیدارەی ترەمپ ڕەتیدەکاتەوە نائارامی گشتی لە ئێران وروژاندبێت، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنە نیشانی دەدات کە پاڵپشتییەکی شاراوەی بۆ هەوڵەکانی دژە ڕژێم کردووە"، وۆڵ ستریت جۆرناڵ وای نوسیوە.
"دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە مانگی یەکدا بە کوشتنی هەزاران خۆپیشاندەر هێڵەکانی ئینتەرنێتیان بڕی، ئەمریکا نزیکەی ٦ هەزار لە کیتی مانگی دەستکرد-ئینتەرنێتی بە قاچاخ بردە ناو وڵاتەکەوە، ئەمەش یەکەمجارە کە ئەمریکا ڕاستەوخۆ ستارلینک بنێرێتە ئێران".
لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ٢٨ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، جگە لە کوشتن و بریندارکردنی هەزارەها هاوڵاتی، حکومەتی ئێران بەردەوامە لە دەستگیرکردنی هاوڵاتیان بە هۆکار و بیانووی جیاواز و تۆمەت خستنەپاڵ و یەکێک لەو جێگایانەی ڕووبەڕوی زۆرترین پەلاماردن بۆتەوە ئیلام و کرماشانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.