وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا لە نوێترین پەیامیدا هۆشدارییەکی توند ئاراستەی واشنتن دەکات و ڕایدەگەیەنێت'' کات لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە و دەبێت بە زووترین کات سزای ئابوری و سیاسی بەسەر ڕژێمی ئەحمەد شەرعدا بسەپێنرێتەوە تا ڕێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان بگرن.''
مایک پۆمپیۆ، لە لێدوانەکانیدا کە ئەمڕۆ هەینی ١٣ی شوباتی ٢٠٢٦ بڵاوکرایەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە ئەمەریکا هەژموونی خۆی بەسەر دیمەشقدا بسەپێنێتەوە و ڕێگە نەدات حکومەتی نوێی سوریا بەردەوام بێت لەو هەڵمەتە سەربازییەی کە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەستی پێکردووە و ئەمەش پێویستی بە جووڵەی دیپلۆماسی و فشاری خێرایە.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا پۆمپیۆ ئاماژە بەوە دەدات ،سەپاندنەوەی سزاکان تەنیا بۆ سزادان نییە بەڵکو ئامرازێکە بۆ ناچارکردنی حکومەتی سوریا تا پابەند بێت بە پاراستنی مافی کەمینەکان و ڕاگرتنی هێرشەکان و ئەگەر ئەم فشارانە دروست نەکرێن ئەوا سەقامگیریی ناوچەکە دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا وەزیری پێشووتری دەرەوە دووپاتی کردەوە کە هەر جۆرە سستییەک لە گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ سەرهەڵدانەوەی گرووپە توندڕەوەکانی وەک داعش و پێیوایە واشنتن نابێت ڕێگە بدات دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت و پێویستە پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکرێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەدەست هاتوون.