ئەنجومەنی ئاسایش پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەکات

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە نوێترین کۆبوونەوەی خۆیدا بە فەرمی پێشوازی ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە کرد کە لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا لە نێوان حکومەتی کاتیی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کراوە و ئەم هەنگاوەی وەک سەرەتایەکی ئەرێنی بۆ سەقامگیری وڵاتەکە لەقەڵەم دا.

ئەنجومەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا جەختی لەسەر گرنگیی پابەندبوونی تەواوی لایەنەکان بە بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتنە کردەوە و داوای کرد کە هەموو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا بەدی بێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەیان بەوە کرد، ئەرکی سەرەکی و بنەڕەتی حکومەتی سوریایە پارێزگاری لە ژیان و شکۆی تەواوی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی بکات بە بێ جیاوازی و بە تایبەتیش ماف و ئاسایشی گەلی کورد لە ناوچەکەدا وەک بەشێکی دانەبڕاو لەو بەرپرسیارێتییە بپارێزرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنەکە دەستخۆشی لە مەرسوومی سەرۆکایەتی سوریا کرد سەبارەت بە مافەکانی کورد و هانی دیمەشقی دا کە هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ بەشداریپێکردنی نوێنەرانی کورد لە جومگەکانی حکوومەتدا و ئاسانکاری تەواو بکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان بۆ سەر زێدی باووباپیرانیان.




PM:02:54:13/02/2026