بەپێی ڕاپۆرتێکی تایبەتی ڕۆیتەرز، سوپای ئەمریکا خۆی بۆ سیناریۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوام و چەند هەفتەیی دژی ئێران ئامادە دەکات، سیناریۆیەک کە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕەنگە ببێتە ململانێیەکی جددیتر لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی پێشووی نێوان هەردوو وڵات.
دوو بەرپرسی ئەمریکی کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە داوایان کردووە ناویان ئاشکرا نەکرێت، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە" ئاستی پلاندانانی ئێستا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بژاردەیەک لەدەرەوەی هێرشێکی سنووردار و کاتی لەبەرچاو دەگیرێت".
ئەو بەرپرسانە دەڵێن پلانەکانی ئێستا ئاڵۆزترن لە ڕابردوو. سوپای ئەمریکا لە هەڵمەتێکی بەردەوامدا دەتوانێت جگە لە ژێرخانی ئەتۆمی حکومەت و دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران بکاتە ئامانج و ئامریکا خۆی بۆ هێرشێکی چەند هەفتەیی دژی ئێران ئامادە دەکات .
کاربەدەستانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند" کە پنتاگۆن کەشتییەکی تری فڕۆکە هەڵگر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت. جگە لەوەش، هەزاران سەربازی زیادە، فڕۆکەی جەنگی، تێکدەری مووشەکی ڕێنماییکراو و کەرەستەی شەڕکەری دیکە ڕەوانەی ناوچەکە دەکرێن، کە توانای هێرشکردن و بەرگریکردنیان هەیە لە بەرامبەر ئەگەری هەر هێرشێک".
شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە مەترسییەکی زۆر زیاتر بۆ هێزەکانی ئەمریکا دروست دەکات، بە لەبەرچاوگرتنی توانا بەرفراوانەکانی ئێران بۆ مووشەکی. هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕی دوور مەودای گورز و مەترسیی ململانێی ناوچەیی زیاتر بکات.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، واشنتۆن "بەتەواوەتی چاوەڕوانی" دەکات کە ئێران تۆڵە بکاتەوە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر، ئەمەش دەتوانێت سووڕێکی هێرش و وەڵامدانەوەی لێبکەوێتەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم زانیاریانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە نێوان تاران و واشنتۆن بەڕێوەدەچێت و شرۆڤەکاران دەڵێن ئەم جۆرە ئامادەکارییانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر کەشوهەوای دانوستان هەیە.