ماركۆ رۆبیۆ: ترەمپ ئامادەیە لەگەڵ خامنەیی کۆبێتەوە

 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران کارێکی زۆر سەختە.

 ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتن چاوەڕوانی وەڵامی جددی ئێران دەکات دوای کۆتایی هاتنی ئەو مۆڵەتە مانگییەی کە دۆناڵد ترەمپ دیاریی کردبوو.

مارکۆ روبیۆ، جەختی لەوە کردووەتەوە، ترەمپ ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ بینینی هەر کەسایەتییەک لەپێناو چارەکردنی کێشەکان، تەنانەت ئەگەر عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانیش بێت، بە ئامانجی دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە جنێڤ دەست پێ بکات، هاوکات کۆشکی سپی هۆشداری داوە کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت هەموو بژاردەکان لەبەردەم ترەمپدا کراوەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

لەکاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی جگە لە پرسی ئەتۆمی دەبێت دۆسیەی مووشەکە بالیستییەکانیش لە ڕێککەوتنەکەدا جێگیر بکرێت، تاران بە توندی ئەو داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە توانای مووشەکیی بابەتێکی سەروەرییە و تەنها لەسەر پرسی ئەتۆمی دانوستان دەکەن.




PM:07:49:14/02/2026