میدیاکانی ڕۆژئاوایی ئاشکرای دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕێککەوتوون لەسەر چڕکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان لەسەر ئێران و گرنگیدان بە هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ چین.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، "رێککەوتنی نێوان ترەمپ و نەتانیاهۆ لە کۆبوونەوەکەیاندا لە کۆشکی سپی، لە پەراوێزی سەردانەکەی نەتانیاهۆ بۆ ئەمەریکا، کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داوای زیادکردنی فشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر ئێران کرد، بەتایبەتی لەسەر فرۆشتنی نەوتی بە چین، ئەنجام دراوە".
ماڵپەڕەکە لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا وتی" هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتی (زۆرترین فشار) دژی ئێران بەهەموو توانایانەوە، ئەم هەڵمەتەش هاوکات دەبێت لەگەڵ بەردەوامبوونی دانوستانەکان و هەروەها بەهێزکردنی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشبینیکردنی هەر جۆرە گرژییەکی سەربازی لە ئەگەری شکستی دیپلۆماسی".
ئاشکراشی کردووە "ئەو ڕێککەوتنە لە کاتێکدایە کە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن لە کاتێکدا ئەمریکا بەردەوام هۆشداری دەدات کە دیپلۆماسی شکست دەهێنێت".
هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو" کە ١٥ کۆمپانیا و دوو کەسی بۆ لیستی سزاکانی پەیوەست بە ئێران زیاد کردووە و ئاماژەی بەوەدا کە "ئەم کۆمپانیایانە لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، تورکیا، جۆرجیا، چین و وڵاتانی دیکە تۆمارکراون".
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەم دواییانەدا گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا زیادی کردووە و هەردوولا هەڕەشە و هۆشدارییان داوە، لە کاتێکدا بڕیارە رۆژی سێشەممە گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە جنێڤ لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت.