نیامین ناتانیاهۆ چوار مەرجی سەرەکی بۆ ئێران دیاری دەکات


لە نوێترین پەیامیدا پێش دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە ژنێڤ، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و ڕایگەیاند'' هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت، دەبێت چوار مەرجی بنەڕەتی و یەکلاکەرەوە لەخۆبگرێت بۆ ئەوەی ئاسایشی ئیسرائیل و جیهان پارێزراو بێت.''

 ناتانیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە پرسی ئەتۆمی ئێران تەنها مەترسی نییە بۆ سەر ناوچەکە، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەمریکا و تەواوی جیهان، بۆیە نابێت لە دانوستانەکاندا هیچ نەرمیەک بەرامبەر تاران بنوێندرێت.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە مەرجی یەکەم و دووەمیدا تیشکی خستە سەر ژێرخانی ئەتۆمی ئێران و داوای کرد کە دەبێت تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناو خاکی ئێراندا ببرێتە دەرەوە و ڕەوانەی وڵاتێکی تر بکرێت. جگە لەوەش، ناتانیاهۆ تەنها بە وەستاندنی پیتاندن ڕازی نییە، بەڵکو داوا دەکات تەواوی ئەو ئامێر و سەنتەرفیوج و ژێرخانانەی کە پڕۆسەی پیتاندنی پێ ئەنجام دەدرێت بە تەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە، بە جۆرێک کە ئێران لە پاشەڕۆژدا هیچ توانایەکی تەکنیکی بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە نەمێنێت.

لە بەشێکی تری داواکارییەکانیدا، ناتانیاهۆ پرسی موشەکی بالیستی ئێرانی کردە ئامانج و ڕایگەیاند'' دەبێت سنوورێکی توند بۆ مەودای موشەکەکانی تاران دابنرێت. بەپێی دیدگای ئەو، نابێت مەودای هیچ موشەکێکی ئێرانی لە ۳۰۰ کیلۆمەتر زیاتر بێت و پێویستە تاران پابەندی سیستمی چاودێری تەکنەلۆژیای موشەکی بێت.

 ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا ئێران خاوەنی موشەکی بالیستییە کە مەوداکەی هەزاران کیلۆمەتر دەبڕێت و دەگاتە قوڵایی خاکی ئیسرائیل و ناوچەکانی تریش.

لە کۆتا مەرجیدا، ناتانیاهۆ جەختی لە پرسی نفووزی ناوچەیی ئێران کردەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو "بەرەی تیرۆرە"ی کرد کە تاران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستی کردووە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە ئەو گروپانە لە ناوچوون یان لاواز بوون، بەڵام هێشتا بوونیان هەیە و ئێران هەوڵی چاککردنەوە و ڕێکخستنەوەیان دەدات.

 ناتانیاهۆ پێیوایە بەبێ بڕینی دەستی ئێران لەو گروپە چەکدارانە، هیچ ڕێککەوتنێک ناتوانێت ئاشتی و سەقامگیری هەمیشەیی لە ناوچەکەدا بەدی بهێنێت.




PM:10:44:15/02/2026