عەلی لاریجانی: نەتانیاهۆ بەدوای بیانووی جەنگدا دەگەڕێت

ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری و بەرپرسی پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند'' ئیسرائیل و بنیامین نەتانیاهۆ بەدوای بیانوودا دەگەڕێن بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ.''

عەلی لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد کە نواندنی ڕۆڵی "مامۆستای دانوستان" لەلایەن نەتانیاهۆوە بێ لۆژیکە و هەر هەوڵێکی پێشتری تەلئەبیب بۆ لێدانی ئێران، لە کۆتاییدا بە زیانی خودی ئیسرائیل شکاوەتەوە.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی، لاریجانی جەختی کردەوە کە ئێران توانیویەتی کەلێن و خاڵە لاوازەکانی ناوخۆی دەستنیشان بکات و چارەسەریان بکات. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "بەرەی مقاوەمە" لەو شۆکە دەروونی و سەربازییەی کە بەهۆی هێرش و تیرۆرەکانی ئەم دواییەوە تووشی ببوو ڕزگاری بووە و ئێستا قۆناغی مەترسی تێپەڕاندووە.

لە ته‌وەرێکی دیکەدا، لاریجانی باسی لەوە کرد کە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و بەرنامەی موشەکی ئێران بە هیچ شێوەیەک لە دانوستانەکاندا نین و باس ناکرێن. ئەو دووپاتی کردەوە کە توانای موشەکی ئێران بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاسایشی نەتەوەیی و جێگەی مشتومڕ نییە، هەروەها لە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆنیشدا باسی ڕێگری لە پیتاندنی یۆرانیۆم نەکراوە.

لە کۆتاییدا، لاریجانی ئاماژەی بە لێدوانەکانی دۆناڵد تەرەمپ کرد سەبارەت بە ڕێگری لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە و ڕایگەیاند'' تاران لەم خاڵەدا هاوڕایە و ئامادەی دانوستانە، چونکە ئێران نایەوێت بەرەو بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بڕوات.''

 هەروەها باسی لەوە کرد کە وڵاتانی ناوچەکەش هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم پرسە دەدەن و ئێران بە پۆزەتیڤییەوە دەڕوانێتە ئەو هەوڵانە.




PM:11:59:15/02/2026