ئەمریکا ڕازی بووە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی "سی بی ئێس نیوز"ی ئەمەریكی، دۆناڵد ترەمپ لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ نەتنیاهۆ لە مانگی دیسێمبەری ڕابردوو، بەڵێنی ئەوەی داوە كە ئەگەر دانوستانەكان لەگەڵ تاران شكست بهێنن و نەگەنە ئەنجام، ئەوا واشنتن پاڵپشتی تەواو لە هێرشێكی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەكانی بەرنامەی مووشەكی بالیستیی ئێران دەكات.

ئەمەش وەک گڵۆپێکی سەوز لێکدەدرێتەوە بۆ ئیسرائیل تا لە ئەگەری نەرمینەنوواندنی ئێران لە جنێڤ، بژاردەی سەربازی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە پشت پەردەی سیاسەتیشەوە، ناوەندە سەربازی و هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا دەستیان بە گفتوگۆی چڕ كردووە لەبارەی میكانیزمە پراكتیكییەكانی پاڵپشتیكردنی ئەو هێرشە ئەگەرەیەی ئیسرائیل، كە تێیدا باس لە وردەکاریی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆكە جەنگییەكان لە ئاسماندا و دیاریكردنی ڕێڕەوی ئاسمانیی سەلامەت بۆ هێرشەكە دەكرێت.

ئەم هەماهەنگییە ئاستبەرزە نیشانەی ئەوەیە كە واشنتن ئەمجارە لە چوارچێوەی هەڕەشەدا نەماوەتەوە و ئامادەکاریی مەیدانی بۆ سیناریۆیەکی سەربازی دەكات.

ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە هاوكاتە لەگەڵ كۆكردنەوەی هێزێكی گەورەی دەریایی ئەمەریكا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لە ڕێگەی ناردنی هەردوو فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن" و "یو ئێس ئێس جیراڵد فۆرد" شانبەشانی چەندین كەشتیی بۆردمانكەر، ئەم نمایشە سەربازییەش پەیامێكی ڕاستەوخۆیە بۆ تاران پێش دەستپێكردنی گەڕی دووەمی دانوستانەكانی جنێڤ لە سێشەممەی داهاتوو، كە تێیدا واشنتن دەیەوێت لە پێگەی هێزەوە گفتوگۆ بكات.




AM:12:16:16/02/2026