لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران کارێکی قورسە.
روبیۆ هۆکاری ئەم سەختییەی بۆ پێکهاتەی سیاسی و ئایینی کۆماری ئیسلامی گەڕاندەوە و جەختی کردەوە کە بڕیاردەرە سەرەکییەکان لەو وڵاتەدا پیاوانی ئایینی شیعەی توندڕەون، ئەمەش وایکردووە کە لۆژیکی سیاسی هەمیشە پاشەکشە بکات لەبەردەم تێڕوانینە ئایینی و تیۆلۆژییەکاندا کە بنەمای سەرەکیی بڕیارەکانی تارانیان پێکهێناوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئیدارەی واشنتن هێشتا دەرگای دیپلۆماسی دانەخستووە و تیمێکی دانوستانکاری ئەمریکی لە ڕێگەدایە بۆ جنێف تا لەگەڵ شاندی ئێرانی کۆببنەوە.
روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ هەمیشە بژاردەی ئاشتی و چارەسەری کێشەکانی لە ڕێگەی گفتوگۆوە پێ باشترە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەر لایەنێک کۆببێتەوە، هەرچەندە گومانەکان لەسەر جددییەتی لایەنی بەرامبەر هێشتا لە ئارادان.
لە پەیامێکی ڕاشکاودا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و میدیاکان هۆشداری دا لەوەی کە نابێت بە شێوازێکی سەرپێیی و بێ بنەما گەشبینییەکان گەورە بکرێن، چونکە پرۆسەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە تەواوی نیگەرانییەکانی ئەمریکا بڕەوێنێتەوە، پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەیە لە ڕەفتارەکانی ئێراندا. ناوبراو وتی کە ئەگەرچی ئەوان پێشوازی لە هەر دەرفەتێکی ڕاستەقینە دەکەن بۆ چارەسەر، بەڵام پێویستە هەمووان ڕاستگۆ بن لەوەی کە ئەم ڕێگەیە زۆر پڕ کەند و کۆسپە و پێناچێت بە ئاسانی بگەنە ئەنجامێکی کۆتایی.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوە لە کاتێکدایە کە هەموو چاوەکان لەسەر خولی نوێی دانوستانەکانە کە لە ٦ی ئەم مانگەوە دەستیان پێکردووەتەوە و بڕیارە لە جنێف قۆناغێکی نوێ ببڕن.