ئەمڕۆ سێشەممە، ١٧ی شوبات، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا نزمبوونەوەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازرگانان و وەبەرهێنەران بە وردی چاودێری دۆخی ناوچەکە دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ مەترسییەکانی پچڕانی دابینکردنی وزە دەکەن.
ئەم گۆڕانکارییانە هاوکاتن لەگەڵ دەسپێکردنی مانۆڕە دەریاییەکانی ئێران لە نزیک گەرووی هورمز و چاوەڕوانییەکان بۆ ئەنجامدانی دانوستانی چارەنووسساز لە نێوان تاران و واشنتن لە جنێڤ سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕەوتی نرخەکان لە بۆرسە جیهانییەکاندا هەیە.
بەگوێرەی دوایین داتاکانی بۆرسەی جیهانی وزە، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ٠.٢٪ دابەزی و گەیشتە ٦٨ دۆلار و ٥٩ سهنت، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لە خولی پێشوودا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیبوو.
لە بەرامبەردا نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساسی ئەمریکا پێچەوانەی برێنت جووڵایەوە و بە بەرزبوونەوەی ٨٤ سەنت گەیشتە ٦٣ دۆلار و ٧٣ سەنت، ئەم جیاوازییەش دەریدەخات کە بازاڕەکان لە نێوان خواست و خستنەڕوودا لە دۆخێکی هەستیاردان.
سەقامگیری ڕێڕەوە ئاوییەکان فاکتەرێکی سەرەکییە لە دیاریکردنی نرخی وزەدا، بە تایبەتی گەرووی هورمز کە وەک شا دەماری هەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی کەنداو و عێراق بۆ بازاڕەکانی ئاسیا دادەنرێت. دەستپێکردنی مەشقی سەربازیی ئێران لەم ناوچە ستراتیژییەدا نیگەرانی لای کڕیاران دروست کردووە، چونکە هەر ئاستەنگێک لەم گەرووەدا دەبێتە هۆی پەککەوتنی بەشێکی زۆری هەناردەی نەوتی وڵاتانی وەک سعودیە و ئیمارات و کوێت، کە زۆربەی بەرهەمەکانیان لەو ڕێگەیەوە دەگەیەننە جیهان.