عەلی خامنەیی بۆ ئەمریکا: زلەیەکتان لێ دەدەین جارێکی تر نەجوڵینەوە

‌عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و  هەڕەشە لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات  و دەڵێت "گەلە کەشتییەکانتان نقوم دەکەین".

سێ شەممە، ١٧ شوبات ٢٠٢٦، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند "سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام دەڵێت، سوپای ئێمە بەهێزترین سوپای جیهانە، بەڵام ئەگەری هەیە بەهێزترین سوپای جیهان زلەیەکی وای لێ بدرێت، جارێکی دیکە ناتوانێ لە جێی خۆی بجووڵێتەوە".

عەلی خامنەیی دەشڵێت "ئەوان دەڵێن گەلەکەشتیمان بەرەو ئێران ناردووە، هەڵبەت گەلەکەشتی ئامێرێکی مەترسیدارە، بەڵام لەو مەترسیدارتر ئەو چەکەیە کە دەتوانی لە قووڵاییی دەریادا نوقمی بکات".

"سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییەدا وتوویەتی، ٤٧ ساڵە ئەمریکا نەیتوانیوە کۆماری ئیسلامی لەناو ببات، سکاڵای بردووەتە بەر خەڵکی وڵاتەکەی، ئەمە دانپێدانانێکی باشە، من دەڵێم تۆش ناتوانی ئەو کارە بکەیت"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران وا دەڵێت. 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستاندکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا دەستیانپێکرد.




PM:02:22:17/02/2026