وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی لە جێنف لەگەڵ وەفدی ئەمەریکی رایگەیاند " لەگەڵ ئەمریکا گەیشتووینەتە ڕێککەوتنێکی گشتی لەسەر بنەما سەرەکییەکان، بەڵام زووە باسی رێککەوتنی کۆتایی بکرێت.
رۆژی سێ شەممە ١٧ شوبات هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی نێوان ئێران و ئەمەریکا بوو، دوای کۆبوونەوەکە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند" لە خولی دووەمی دانوستانەکانی عومان، تاران و واشنتۆن لەسەر کۆمەڵێک بنەمای گشتی ڕێککەوتوون. عێراقچی کەشوهەوای گفتوگۆکانی بە "سازێنەر و جدی" وەسف کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەش دا کە هێشتا زووە باس لە ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد وڵاتەکەی سەلماندوویەتی "پابەندە بە دیپلۆماسی و ئەوەشی نیشانداوە". ئاشکراشیکرد ڕاوێژەکان لە دوێنێوە دەستیان بە گفتوگۆی باش لەسەر ئاستی تەکنیکی کردووە.
"هێشتا وادەیەک بۆ خولی سێیەمی گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دیاری نەکراوە" ئەمە عێراقچی وتی، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە خولی سێیەم دوای ئاڵوگۆڕکردنی " دەقی ئەگەری ڕێککەوتنەکە" بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوامە لە دیالۆگی بنیاتنەر و پابەندە بە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە.
دەربارەی هەڕەشەکانی ئەمریکاش، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی "پێویستە دەستبەجێ و بێ مەرج کۆتایی بە ئەگەری بەکارهێنانی هێز لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بهێنرێت."
ئەم لێدوانانە دوای چەند هەفتەیەک لە ئاڵوگۆڕی هەڕەشە لە نێوان هەردوولادا دێت، لە کاتێکدا ئەمریکا خەریکی کۆکردنەوە و جوڵەی سەربازییە لە ناوچەکەدا.