زانکۆکانی ئێران دژی دەسەڵات مانگرتنیان ڕاگەیاند


ژمارەیەک زانکۆ لە پارێزگاکانی ئێران مانگرتنیان بە هۆکاری کوشتنی مامۆستا و خوێندکارەکانیان لە خۆپیشاندانەکاندا ڕاگەیاند و دەڵێن "خوێندکاران هێشتا هۆشیارن و لە هێڵی پێشەوەی خەباتدان، لە بەرانبەر ئەو ستەمانەدا بێدەنگ نابن".

سێ شەممە، ١٧ شوبات ٢٠٢٦، ئەمڕۆ ٢٦ زانکۆی پارێزگاکانی ئێران ڕاگەیاندروێکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند "ڕۆژی چوارشەمە و پێنج شەمە وەک خوێندکارانی زانکۆکانی بەهەشتی و شەریف لە تاران، ئەسفەهان، هەمەدان، زانکۆی پزیشکی مەشهەد، گیلان و زاهیدان و شارەکانی دیکە مانگرتن ڕادەگەیەنین و بەشداری لە مەراسیمی ماتەمینی خوێندکار و مامۆستا کوژراوەکان دەکەین و سەرەخۆشی لە خێزانە خەمبارەکان دەکەین".

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتوە " ئەو مانگرتنە تەنها بۆ بەرگری، ئازادیی و دیموکراسیی نییە، ئەو مانگرتنە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانە، هەمووان بزانن خوێندکاران هێشتا هۆشیارن و لە هێڵی پێشەوەی خەبات دژ بە هەموو شێوەکانی دەسەڵاتداریی لە تەنیشت خەڵکی شەقام وەستاون".

لە کۆتایدا خوێندکارانی ئەو زانکۆیانە وتویانە "خوێندکارانی زانکۆکانی سەرانسەری وڵات لە بەرامبەر ئەو زوڵم و ستەمانەدا بێدەنگ نابن، ئێوەی بەڕێوەبەرانی ئێستای زانکۆکانیش لە ڕژاندنی خوێنی خوێندکارانی ئازادیخوازدا هاوبەشن، بەرگریی یاسایی لە بەرامبەر سەرکوت مافی ئێمەیە، ئاگادارتان دەکەینەوە کۆتایی بە بەڕێوەبردنی لەرزۆکی ئێوە لە ژینگەی زانکۆکان دەهێنین".





PM:06:40:17/02/2026