بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەیەکەی ئەمریکی لە گەڕی دووەمی دانوستاکان ئێران پێشنیازێکی داوە بە ئەمریکا و هەروەها جەختی لەوەش کردەوە سەڕەرای بەردەوامی دانوستانەکان ئێران بەشیکی گەروی هورمزی داخست.
ڕۆژنامەی ( وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا، وردەکاریی گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، تاران چەند پێشنیازێکی نوێی خستووەتە بەردەم واشنتۆن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ئێران ئامادەیی نیشانداوە بۆ چەند هەنگاوێکی کاتی، بەڵام بە مەرجی وەرگرتنی ئیمتیازی گەورە لەوانە، ئێران پێشنیازی کردووە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی سێ ساڵ ڕابگرێت، هاوکات بەشێک لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێستا بنێردرێتە دەرەوەی وڵات (کە پێشبینی دەکرێت بۆ ڕووسیا بێت)، لەپاڵیشیدا دەستپێکردنی پڕۆژەی ئابووری هاوبەش لە ئەگەری هەڵگرتنی سزاکاندا.
ئاشکراشی دەکات کە سەرەڕای پێشنیازەکان، هێشتا خاڵی ناکۆکی گەورە لە نێوان هەردوو وڵاتدا ماوە، ئەوانیش بریتین لە:
١. بەرنامەی ئەتۆمی: ئێران بە توندی دژی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەتی و داوای هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی پارە و سەرچاوە نەوتییە بلۆککراوەکانی دەکات.
٢. مەرجی ئەمریکا: واشنتۆن تەنها بە ڕاگرتنی کاتی پیتاندن ڕازی نییە، بەڵکو داوای ڕاگرتنی تەواوەتی پیتاندن و دانانی سنوور بۆ بەرنامە موشەکییەکانی ئێران دەکات.
ئەم گەڕە نوێیەی گفتوگۆکان نیشانەیەکە بۆ هەوڵی هەردوولا بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسی، بەڵام مەرجە قورسەکانی ئەمریکا لەسەر موشەکی بالیستی و پێداگری ئێران لەسەر پاراستنی ژێرخانی ئەتۆمی، گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بە قورسی دەهێڵێتەوە.