ڕۆیتەرز: ئێران قەڵغانی کۆنکرێتی لەسەر دامەزراوە هەستیارەکانی دروست دەکات


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت ئاشکراکردنی هەنگاوەکانی ئێران بۆ خۆپارێزی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.

چوار شەممە، ١٨ شوبات ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە "بەپێی شرۆڤەی پسپۆڕان بۆ وێنە سەتەلایتییە نوێیەکان، ئێران دەستی کردووە بە دروستکردنی قەڵغانێکی کۆنکرێتی لەسەر دامەزراوەیەکی نوێ لە پێگەیەکی سەربازیی هەستیار و بە خۆڵ دایپۆشیوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ پاراستنی شوێنەکە لە هێرشی ئاسمانی".

بە پێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە  "وێنەکان دەریدەخەن کە ئێران کارەکانی لەو شوێنانە چڕ کردووەتەوە کە پێشتر لە ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرابوون، هەروەها دەروازەی تونێلەکانی لە بنکەیەکی ئەتۆمی شاردووەتەوە کە ساڵی رابردوو لەلایەن ئەمەریکاوە کرابووە ئامانج".

"لە کۆمەڵگەی پارچین ٣٠ کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران، کە یەکێکە لە هەستیارترین بنکە سەربازییەکان، گۆڕانکاری گەورە بەدی دەکرێت، پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی (ISIS) ئاشکرای کردووە کە ئێران تابووتێکی کۆنکرێتیی لە دەوری دامەزراوەیەکی نوێ بە ناوی "تاڵەقان ٢" دروست کردووە، وێنەکانی مانگی شوبات دەریدەخەن کە شوێنەکە بە تەواوی بە خۆڵ داپۆشراوە بۆ ئەوەی رەنگی کۆنکرێتەکە دیار نەبێت و وەک پەناگەیەکی شاراوە دەرکەوێت"، لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا ئاماژەی پێکراوە.

ڕۆیتەر لە زاری پسپۆڕانەوە دەڵێت "لە بنکەی ئەتۆمیی ئەسفەهان، کە پێشتر بەشێک بووە لە ئامانجەکانی ئەمەریکا، وێنەکان دەریدەخەن کە ئێران دەروازەی سێ تونێلی سەرەکیی بە تەواوی پڕکردووەتەوە و بە خۆڵ شاردوونیەتیەوە، ئامانج لەم کارە کەمکردنەوەی کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکان و رێگریکردنە لە هەر هێرشێکی هێزی تایبەت بۆ دەستگرتن بەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراودا".

هەروەها سەبارەت بە جموجوڵی ئێران بۆ بەردەوامی شاردنەوەی بارەگا و بنکەکانی لەو ناوچانەدا ڕۆیتەر نوسیویەتی "لە نزیک بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، جموجۆڵی ئامێرە قورسەکان کۆنکرێت و بارهەڵگر دەبینرێت بۆ بەهێزکردنی دەروازەی تونێلەکانی ژێر شاخەک، .لە بنکە مووشەکییەکانی باشووری شیراز و باکووری قوم، کارەکانی چاککردنەوەی ئەو زیانانە ئەنجام دراون کە لە جەنگی ساڵی رابردوودا بەرکەوتبوون، بە تایبەت چاککردنەوەی سەربانی بینا زیانلێکەوتووەکان".

ئەم هەنگاوانەی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئەمریکا  وئێران لە ئارادایە بە تایبەت لە ئەگەری شکستی دانوستاندنەکانی نێوانیان کە تا ئێستا دوو گەڕیان ئەنجام داوە. 




PM:11:36:18/02/2026