ماڵپەڕی ئاکسیۆسی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی لە بارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بڵاوکردوەتەوە و ئاشکرای دەکات کە دوو هەفتە مۆڵەت دراوەتە ئێران.
ماڵپەڕی ئاکسیۆس، چوار شەممە، ١٨ شوبات ٢٠٢٦، بڵاویکردەوە دوای ئەوەی گفتوگۆکانی جنێڤ نەیانتوانی جیاوازییە قووڵەکان و هێڵە سوورەکانی واشنتن چارەسەر بکەن، ئامادەکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، هێزی سەربازیی ئەمریکا کە بە "ئارماداکەی ترەمپ" ناوبراوە، ئێستا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، ١٢ کەشتیی جەنگی، سەدان فڕۆکە و چەندین سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لەخۆدەگرێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان، تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٠ فڕۆکەی جەنگیی نوێ لە جۆرەکانی (F-35, F-22 F-16) و گەیشتوونەتە ناوچەکە.
یەکێک لە راوێژکارەکانی ترەمپ بە ئاکسیۆسی راگەیاندووە "سەرۆک خەریکە بێزار دەبێت، هەرچەندە هەندێک کەس لە دەوروبەری هۆشداریی دەدەنێ لە جەنگ، بەڵام پێموایە بە رێژەی ٪٩٠ لە چەند هەفتەی داهاتوودا چالاکیی سەربازی دەبینین."
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە واشنتن مۆڵەتی دوو هەفتە داوەتە تاران تاوەکو پێشنیازێکی نوێ و ورد پێشکەش بکات، ئەگەرنا بژاردەی سەربازی جێبەجێ دەکرێت.
ماڵپەڕی ئاکسیۆس ئاشکرای کردوە کە حکومەتی ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ سیناریۆی جەنگ لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا دەکات، کە ئامانجەکەی تەنیا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نییە، بەڵکو "رووخاندنی رژێمی تارانە."
ئەم هەواڵانە لە کاتێکدایە کە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئەمریکا وئێران لە ئارادایە بە تایبەت لە ئەگەری شکستی دانوستاندنەکانی نێوانیان کە تا ئێستا دوو گەڕیان ئەنجام داوە.