ئەمریکا کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکەی لە سووریا دەهێنێت

 بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، ئیدارەی واشنتن بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی داوە بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی خۆی لە خاکەکانی سووریا. 

ئەم بڕیارە تەنیا لە چوارچێوەی پلانێکی تیۆریدا نەماوەتەوە، بەڵکو لەسەر زەوی هەنگاوی کردەیی بۆ نراوە و هێزەکانی ئەمریکا دەستیان کردووە بە جێهێشتنی بنکەکانیان. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەی جیۆپۆلەتیکیدایە و ئەولەویەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە دووبارە دادەڕێژرێنەوە.

هاوکات، هەفتەی ڕابردوو سوپای ئەمریکا بنکەکانی "تەنەف" و "شەدادی" بە تەواوی چۆڵکردووە، بنکەی تەنەف کە لە سێگۆشەی سنووری نێوان سووریا، عێراق و ئوردن هەڵکەوتووە، بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر وەک بەربەستێک لەبەردەم فراوانبوونی هەژموونی ئێران و چاودێریکردنی ڕێڕەوە وشکانییەکان بەکاردەهات. 

ڕۆژنامەکە هۆکاری سەرەکی ئەم کشانەوەیە بۆ گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە ناوخۆی سووریا دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک کە حکومەتی دیمەشق توانیویەتی زۆرینەی خاکی وڵاتەکە بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی. 

لە لایەکی دیکەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە هاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا بوون لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەژێر گوشاری گۆڕانکارییەکاندا بەڵێنیانداوە ببنە بەشێک لە سیستەمی بەرگری سووریا. ئەم نزیکبوونەوەیەی کورد و دیمەشق ڕێگەی بۆ ئەمریکا خۆشکردووە کە بەبێ دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنیی گەورە، بڕیاری کشانەوەکە بدات.


هۆشداری دەدرێت لەوەی ئەم کشانەوەیە دەرگایەکی نوێ بەڕووی ڕکابەرە ناوچەییەکاندا دەکاتەوە و دەبێتە هۆی گۆڕانی نەخشەی سیاسی. کشانەوەی ئەمریکا دەرفەت بۆ ڕووسیا و ئێران زیاتر دەکات تا پێگەی خۆیان لە سووریا جێگیرتر بکەن، هاوکات تورکیاش بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان. 




AM:11:12:19/02/2026