ئێران ڕەشنووسی ڕێككەوتنەكەی دەداتە ئەمریكا

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئامادەیە لە ماوەی ٢ تا ٣ ڕۆژی داهاتوودا ڕەشنووسی خۆی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئەگەری لەگەڵ ئەمریکا ئامادە بکات.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند" هێرشی سەربازی چارەسەر نیە بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەمان، چونکە هێرشەکانی پێشوو نەیانتوانی لەناوی بەرن".

دەشڵێت" ئێران ئامادەیە لە ماوەی ٢ تا ٣ ڕۆژی داهاتوودا ڕەشنووسی خۆی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئەگەری لەگەڵ ئەمریکا ئامادە بکات، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە گوایە ئەمریکا داوای ( پیتاندنی سفر)ی کردووە، یان ئێران پێشنیازی (ڕاگرتنی ٢ تا ٣ ساڵە)ی کردووە.

ئاشكراشی كرد، هەردوولا لەسەر کۆمەڵێک "بنەمای ڕێبەر” گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

جەختیشی كردۆتەوە، پرسی ئەتۆمی هیچ چارەسەرێکی سەربازیی نییە و تەنها لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر دەبێت، بەتایبەت دوای ئەو گرژییە سەربازییانەی دوایی کە لە ناوچەکەدا ڕوویان داوە.

عێراقچی ئاماژەی بەوەشداوە، هیوادارم ئەو کەسانەی کە بەدوای شەڕدا دەگەڕێن و دەیانەوێت ئەمریکا جارێکی تر ڕابکێشنە ناو شەڕێکی ناپێویست و کارەساتبار، سەرکەوتوو نەبن و ڕێگە بدەن ئێمەی دیپلۆماتەکان پێکەوە کار بکەین و بگەینە چارەسەرێکی دیپلۆماسی؛ کە بڕوام وایە ئەم چارەسەرە لەبەر دەستە و دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا بەدەست بێت.



PM:06:29:20/02/2026