ترەمپ: ٣٢ هەزار کەس لە خۆپشاندانەکانی ئێران کوژراون
عێراقچی: بە بەڵگەوە قسە بکە


سەرۆکی ئەمریکا بۆ یەکەمجار ئاشکرای کرد کە لە خۆپشاندانەکانی ئێران ٣٢ هەزار کەس کوژراون و لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی دایەوە وتی" بە بەڵگەوە قسە بکە".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ یەکەمجار ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێرانی ئاشکرا کرد  و ڕایگەیاند" لەماوەیەکی کورتدا ٣٢ هەزار کەس کوژراون".

لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی، ترەمپ ڕایگەیاند" گەلی ئێران جیاوازە لە سەرکردەکانی ئێران و ئەمە دۆخێکی زۆر دڵتەزێنە".

ترامپ وتی "دوو هەفتە لەمەوبەر بڕیاربوو ٨٣٧ کەس لەسێدارە بدەن؛ بڕیاربوو بە کرێن لەسێدارە بدرێن. بڕیاربوو بە کرێنێک بەرزبکرێنەوە و بەدەوری گۆڕەپانەکەدا بخولێنرێنەوە، پەیامێکم بۆ ناردن کە ئەگەر تەنانەت یەک کەسیش لەسێدارە بدەن، یەکسەر دەکرێنە ئامانج، ئەوانیش وەستان". ترامپ هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕواڵەت ئەم بەرپرسانە کەسیان لەسێدارە نەداوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، "بەڕاستی بەزەییم بە گەلی ئێراندا دێتەوە، ئەوان لە دۆزەخدا دەژین".
لە وەڵامی لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ٣٢ هەزار کەس لە ماوەیەکی کورتدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیای ئێکس نووسیویەتی، حکومەتی ئێران پێشتر لیستێکی تۆکمەی سێ هەزار و ١١٧ قوربانیی "ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییە"ی بڵاوکردۆتەوە.
 دووپاتیشی کردەوە، ئەم کارە هاوتەریب لەگەڵ پابەندبوونی حکومەت بە "شەفافیەتێکی تەواو بەرامبەر بە خەڵک" ئەنجامدراوە و هەروەها لیستەکە نزیکەی ٢٠٠ ئەندامی هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا لەخۆدەگرێت. 
عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەر کەسێک گومانی لە دروستی داتا بڵاوکراوەکان هەبێت، پێویستە بە خستنەڕووی بەڵگە قسە بکات.




AM:11:54:21/02/2026