ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی ئەتڵەسی ئەمریکی هۆشداری لە دۆخی سوریا دەدات ودەڵێت" ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ بێت کارەساتی لیبیا دووبارە دەبێتەوە و ئاشکراشی دەکات کە کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا لەکاتێکی هەڵەدایە، کە ڕێگە بۆ داڕمانێکی هاوشێوەی لیبیا خۆشدەکات.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی ئەتڵەسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا لەبارەی داهاتووی سوریا هۆشداریی دەدات و دەلێت" ، "ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ بێت، سوریا دەبێتە دوبارەبونەوەی هەمان کارەساتی لیبیا، بەڵام بەشێوازو تایبەتمەندییەکانی سوریاوە".
ئەنجومەنەکە ئاماژە برەوەدەکات کە هەنگاوی کشانەوەی ئەمریکا لەبنکەی سەربازیی (تەنەف)، کە شوێنێکی ستراتیژییە لەسەر سێگۆشەی سنوری (سوریا ـ عێراق ـ ئوردن)و رادەستکردنی کۆنترۆڵەکەی بە حکومەتی دیمهشق لەکاتێکدایە کە باس لەناجێگیرییو لاوازیی پێگەی سەربازیی ئەمریکا دەکرێت لەناوچەکەدا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە" ئەرکی ئەمریکا تەنها لەدژەتیرۆرو بەرەنگاربونەوەی داعشدا کورتبوەتەوەو هیچ ستراتیژێکی گشتگیرو ڕون بۆ داهاتوی سیاسیی سوریا لەئارادا نییە، لهكاتێكدا کێشەی سەرەکی تەنها جێهێشتنی سوریا نییە، بەڵکو جێهێشتنی لەکاتێکی هەڵەدایە، کە ڕێگە بۆ داڕمانێکی هاوشێوەی لیبیا خۆشدەکات".
ئەنجومەنی ئەتڵەسی ئەمریکی دهڵێت:"ململانێی توندی نێوان گروپە چەکدارەکانو لاوازیی دامەزراوە نیشتمانییەکانو نەبونی هێزێکی یەکگرتوی سەروەر کە هەموان لەسەری کۆکبن، ههمان ئهوانهی لیبیا ئێستا لهسوریا خۆیان نمایشدهكهنهوهو مهترسییهكی گهورهیه".
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەشدەکات، هێشتا چەخماخەی ئومێد ماوە؛ توندوتیژییەکان بەراورد بە ١٠ ساڵ لەمەوبەر کەمیکردوە، هەندێک ناوچە سەقامگیرییان بەخۆوە بینیوەو وڵاتانی کەنداویش دەستیانکردوە بەگفتوگۆ بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام هەموو ئەمانە هەڕەشەیان لەسەرە ئەگەر گروپە توندڕەوەکان ئەو بۆشاییە بقۆزنەوە کە لەئەنجامی بێباکی نێودەوڵەتی دروستدەبێت.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنەکە دەڵێت "ئایا واشنتۆنو لایەنە هەرێمییەکان، دەتوانن ڕێگریی لەسیناریۆی لیبیا بگرن، یان سوریا بەرەو قۆناغێکی نوێی پشێوییو ململانێی ناوخۆیی هەنگاو دەنێت؟".