ڕۆژنامەی تەلەگراف ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە یاسایەکی نوێی سزادانی ژن و منداڵ لە لایەن پیاوانەوە لە ئەفغانسان بڵاوکردوەتەوە، کە لە یاساکەدا هاتووە "مێرد دەتوانێت بە ئازادی توندوتیژی دژی هاوسەر و منداڵەکانی بەکاربهێنێت".
شەممە، ٢١ شوبات ٢٠٢٦، بە پێی ڕاپۆرتەکە یاساکە لە ٦٠ لاپەڕە پێکهاتوە کە واژۆی هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری باڵای ئەفغانستانی لەسەرە، لە یاساکەدا هاتووە، مێرد دەتوانێت بە ئازادی توندوتیژی دژی هاوسەر و منداڵەکانی بەکاربهێنێت، بەو مەرجەی لێدانەکان نەبنە هۆی شکاندنی ئێسک و نابێت برین بەسەر جەستەیەوە دیاربێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە یاساکەدا هاتووە ئەگەر دوای لێدانی ژن برینداربوونێکی سەخت بسەلمێنرێت، زۆرترین سزا بۆ پیاوەکە ١٥ رۆژ زیندانییە و لەبەرامبەردا ئەگەر ژن بە هۆی ئەو توندوتیژییەوە ماڵ بەجێبهێڵیت و بچێتەوە بۆ لای دایک و باوکی، ئەوا بە سێ مانگ زیندانی سزا دەدرێت و هەمان سزاش بۆ خێزانەکەی دەردەچێت بەهۆی ئەوەی داڵدەیان داوە.
سزادانی ١٥ ڕۆژەکەش بۆ هەر پیاوێک مەرجدارە بەوەی ئەگەر هاتوو ژنەکە سکاڵایکرد، سەلماندنەکەی مەحاڵ دەبێت بە هۆی ئەوەی دەبێت برینەکانی دادوەر بیبینێت (لە کاتێکدا هەموو دادوەرەکان لە ئەفغانستان پیاون) دەبێت ژنەکە بە تەواوی داپۆشراو بێت و سەرپەرشتیارێکی حەڵاڵی لەگەڵدابێت، کە زۆرجار ئەو سەرپەرشتیارە هەمان ئەو پیاوەیە کە لێیداوە و برینداری کردوە.
زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە ئەوە پشت ڕاست دەکەنەوە کە ئەم یاسایە بە پێی پلەبەندی و پیگەی کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکرێت، واتا دادوەر دەبێت سزای پیاوێکی ئاینی بدات بەوەی ئامۆژگاری بکات، بەڵام پیاوێکی کرێکار دەبێت ١٥ ڕۆژ بە پێی سەلماندن زیندانی بکرێت.
بەشێوەیەکی گشتی دوای هاتنە سەرحکومی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە ١٥ ئابی ٢٠٢١، دانانی یاساکان بە پێی توندوتیژی داڕێژراونەتەوە، مامۆستا دەتوانێت لە قوتابخانە لە منداڵ بدات بە پێی یاسا، هەروەها هەرکەسێک ڕەخنە بگرێت یاخود گاڵتە بە بڕیارەکانی تاڵیبان بکات تاوانە و سزای زیندانیکردنی ٢ ساڵی بۆ دیاریکراوە.