سەرۆکی ئەمریکا، گۆڕانکارییەکی نوێی لە سیاسەتی بازرگانی وڵاتەکەیدا ڕاگەیاند و بڕیاریدا ڕێژەی باجی جیهانی (تاریفەی گومرگی) لە ١٠٪وە بۆ ١٥٪ بەرزبکاتەوە.
ئەم هەنگاوەی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە دێت کە پێداچوونەوەیەکی وردی بۆ تێچووە بازرگانییەکان کردووە و پێیوایە پێویستە ئەمریکا پارێزگاری لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی بکات بەرامبەر بەو وڵاتانەی کە ساڵانێکی زۆرە سوودیان لە بازاڕەکانی ئەمریکا وەرگرتووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "تروس سۆشیال" بە توندی هێرشی کردە سەر بڕیارێکی دادگای باڵا کە پەیوەندی بە تاریفە گومرگییەکانەوە هەبووە و وەسفی کرد بەوەی کە بڕیارێکی "بێمانا و خراپ داڕێژراوە".
ترەمپ دەڵێت'' بڕیارەی دادگا بە شێوەیەکی نائاسایی "دژە ئەمریکایە" و لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی نیشتماندا ناگونجێت، هەر بۆیە بڕیاریداوە وەک سەرۆک دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان.''
ترەمپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە دوای چەندین مانگ لە بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە هاتووە و ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بەو دۆخەی کە تێیدا وڵاتانی تر ئەمریکایان بۆ دەیان ساڵ "قۆستووەتەوە".
ئەو ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشتر ئەم وڵاتانە بەبێ هیچ سزایەک کاڵاکانیان ڕەوانە دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو باجە دەگەیەنێتە ئاستی ١٥٪ کە بە وتەی ئەو "ئاستێکی تەواو ڕێگەپێدراو و تاقیکراوەی یاساییە".
ئەم ڕاگەیاندنەی سەرۆکی ئەمریکا وەک بەیاننامەیەکی فەرمی هەژمار دەکرێت و دەستبەجێ کاریگەری لەسەر بازاڕە جیهانییەکان و پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئەمریکا دەبێت.
بەرزکردنەوەی باجەکە بۆ ١٥٪ فشارێکی زۆر دەخاتە سەر ئەو وڵاتانەی کە هەناردەیەکی زۆریان بۆ ئەمریکا هەیە، هاوکات ئەم هەنگاوە نیشانەی بەردەوامی سیاسەتی "سەرەتا ئەمریکا"یە کە ترەمپ پەیڕەوی دەکات بۆ بەهێزکردنی ئابووری ناوخۆیی.