مایک واڵتز: مێژوو نیشانی داوە ناتوانرێت متمانە بە کۆماری ئیسلامی بکرێت

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر نەبوونی پاساوی مەدەنی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمی ئاستی بەرزی ئێران کردەوە ودەڵێت" مێژوو نیشانی داوە کە ناتوانرێت متمانە بە کۆماری ئیسلامی بکرێت".

مایک واڵتز باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "هیچ هۆکارێک نییە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لەسەدا ٦٠ یان ٩٠ مەگەر بەنیازی دروستکردنی چەک نەبێت".

لە پۆستێکی دیکەدا لە زاری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە: "کات لە بەرژەوەندی ئێران نییە".

واڵتز جەخت لەوە دەکاتەوە کە مێژوو نیشانی داوە کە ناتوانرێت متمانە بە کۆماری ئیسلامی بکرێت کە پابەند بێت بە هیچ رێککەوتنێک و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی کشانەوەی دۆناڵد ترامپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا لە کۆمەڵەی JCPOA.

باڵوێزی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا جەختی لە هێزی سەربازیی ئەمریکا و پەیامی ڕوونی حکوومەتی ئەو وڵاتە بۆ کۆماری ئیسلامی کردەوە.

والتز لە چاوپێکەوتنەکەدا وتی" سوپای ئێمە بەهێزترینە لە جیهاندا، دەتوانین لە هەر شوێنێک، لە هەر کاتێکدا، ئامادە بین و چالاکی بکەین.

سەبارەت بە بڵاوەپێکردنی سەربازی نوێی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەی بەوەشکرد: ڕوون و ئاشکرایە کە هێزەکان کۆبوونەتەوە، بەڵام ئەگەر سەرۆک بڕیار بدات ئەم دۆخە ئێستایە بۆ داهاتوویەکی نزیک بپارێزێت، ئەوا توانای پێویستمان هەیە.

باڵیۆزی ئەمەریکا ڕوونیشیکردەوە کە وەزارەتی جەنگ بژاردە دەخاتە بەردەم سەرۆکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ بە وتەی ئەو "بژاردەیەکی زۆر ڕوونی نیشانی ئێرانییەکان داوە".

بە گوتەی مایک واڵتز، پەیامی ترەمپ بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو: "پیتاندن ڕابگرن، مووشەکی بالیستی دوورمەودا ڕابگرن، گروپە بە وەکالەت تیرۆریستیەکانتان ڕابگرن و کۆمەڵکوژی گەلی خۆتان ڕابگرن".



PM:01:15:22/02/2026