وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە لە بارەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان رافایێل گرۆسی، بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.
یەک شەممە، ٢٢ شوبات ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێوارەی شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە، ئەمە دووەم پەیوەندیی هاوشێوەیە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا"، دوای دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کە سێ شەممەی رابردوو لە جنێف بەڕێوەچوو.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکان وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکردوە، کۆبوونەوەکە لەگەڵ گرۆسی چەند بابەتێکی تەکنیکی پەیوەست بە هاوکارییەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی گرتووەتەوە، لە چوارچێوەی پابەندییەکانی تاران بەپێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆم.
بە پێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕۆژی چوار شەممەی هەفتەی ڕابردوودا بە هەمان شێوە بەرپرسە نێودەوڵەتیەکە و وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کردوە و بەر لە کۆبونەوەی شاندی دانوستاندنکاری نێوان ئەمریکا و ئێران کە سێ شەممەی پێشوو لە جنێف بەڕێوەچوو، ڕۆژی دوو شەممە ڕافایێل گرۆسی و عەباس عێراقچی کۆبونەتەوە.
گرۆسی لە پۆدکاستێکی ئیسپانییدا وتویەتی "کۆبوونەوەی گرنگ لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی رابردوو لە جنێف ئەنجامدراون و ئێستا کار لەسەر دیاریکردنی وردی بەندەکانی رێککەوتنەکە دەکەین، لەوانە ئەوەی چ شتێک دەپشکنرێت و چۆن و تا چ ئاستێک، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر کە رێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی پەنابردن بۆ بەکارهێنانی هێز، ئەگەر هێرشێکی سەربازی رووبدات، ئەوا وێرانکەرتر دەبێت و لێکەوتەی ناوچەیی توندی دەبێت".
لەگەڵ تێپەڕبوونی ڕۆژەکاندا زیاتر باس لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکرێت لە کاتێکدا ئەمریکا هێزێکی گەورەی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە و تا ئێستا لە ماوەی ئەم ساڵدا دوو کۆبونەوەی شاندی دانوستاندنکاری نێوان هەردوو وڵات کۆبونەوە تا بگەن بە ڕێککەوتن.