خامنەی ڕێنمای نهێنی بۆ سیناریۆی تیرۆرکردنی دەرکردووە

بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردوونەتەوە، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کۆمەڵێک ڕێنمایی تایبەت و پێشوەختەی داوەتە بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی بۆ ئەوەی لە کاتی هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا جێبەجێیان بکەن. 

ئەم بڕیارانە زیاتر پەیوەستن بە دۆخی تەندروستی خامنەیی یان ئەگەری کوژرانی لە ئەنجامی هەر هێرشێکی دەرەکی، کە ئامانجی سەرەکی لێی ڕێگریکردنە لە دروستبوونی بۆشایی دەسەڵات و پاراستنی سەقامگیریی ڕژێمەکە لە کاتە هەستیارەکاندا.

لە ناوەڕۆکی ئەم فەرمانە نهێنییانەدا ناوی عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و ڕاوێژکاری ئێستای ڕێبەر، وەک کەسایەتییەکی تەوەری و ناوەندی دەهێنرێت. 

خامنەیی ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەگەری نەمانی خۆیدا، دەبێت لاریجانی ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات و گواستنەوەی دەسەڵاتدا بگێڕێت، ئەمەش نیشانەی متمانەی زۆری ڕێبەرە بەو کەسایەتییە پارێزگارە میانڕەوە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان باڵە جیاوازەکانی ناو حکومەت و سوپادا.

دەستنیشانکردنی لاریجانی بۆ ئەم ئەرکە لە کاتێکدایە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆر هەبووە بۆ دوورخستنەوەی ناوبراو لە کێبڕکێ سیاسییەکان، بەتایبەت لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی شیاوێتی لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەرانەوە. بەڵام ئەم ڕاپۆرتە نوێیەی نیویۆرک تایمز دەریدەخات کە سەرەڕای ئەو بەربەستانە، لاریجانی هێشتا لە ناوەندی بازنەی متمانەی خامنەییدایە و وەک "کارتێکی یەدەگ" بۆ کاتی قەیرانە گەورەکان سەیر دەکرێت کە دەتوانێت لایەنە ناکۆکەکان لە دەوری یەک کۆبکاتەوە.


 ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر دۆخێکی نادڵنیا و ئاڵۆز لە تاران، بەو پێیەی پرسی جێنشینی خامنەیی تەنها پەیوەست نییە بە لایەنی مەزهەبی و یاساییەوە، بەڵکو پەیوەستە بە ململانێیەکی قووڵی نێوان سوپای پاسداران و دەزگا سیاسییەکان. 

بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە زانیارییانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران بە جیدی بیر لە قۆناغی "دوای خامنەیی" دەکەنەوە و دەیانەوێت بەر لە ڕوودانی هەر گۆڕانکارییەک، نەخشەڕێگایەکی ڕوون هەبێت بۆ ڕێگری لە هەر تێكچوونێکی ئەمنی یان کودەتایەکی ناوخۆیی.




PM:08:23:22/02/2026