وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاشکرای کرد، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ واشنتن لەبەردەستدایە و پێشبینی دەکات هەندێک بڕگەی لە ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ باشتر بێت.
هەروەها بڕیار وایە بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە جنێڤ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا، کۆببێتەوە تاوەکو تاوتوێی داڕشتنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە و ئاڵوگۆڕی پێشنیازەکان بکەن.
عەباس عێراقچی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا جەختی لەوە کردەوە، دیپلۆماسی تەنیا ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دووپاتی کردەوە کە پیتاندنی یۆرانیۆم مافێکی نیشتمانییە و دەستبەرداری نابن، بەڵام ئامادەن بگەنە چارەسەرێک سەبارەت بە شێوازی پیتاندنەکە بە جۆرێک کە نیگەرانییەکانی لایەنی ئەمریکی بڕەوێنێتەوە.
سەبارەت بە ئاڵۆزییە سەربازییەکان عێراقچی ڕایگەیاند” جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئێرانییەکان ناترسێنێت و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرچی مووشەکەکانیان ناگەنە ناو خاکی ئەمریکابەڵام توانای وردیان هەیە بۆ پێکانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئامانجەکان لە ناو جەرگەی ئیسرائیلدا و ئێران مافی پاراستنی سەروەریی خۆی دەبێت.”