ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ژووری بارودۆخی کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی سازکردووە، بۆ تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکان دژی ئێران، لەنێویاندا هێرشێکی گەورە لە ئەگەری شکستی دیپلۆماسیدا.
ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان لە گفتوگۆکانی ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ترەمپ بە ڕاوێژکارەکانی وتووە ئەگەر دیپلۆماسی یان هێرشێکی سەرەتایی سنووردار لە ئەمریکا نەتوانێت تاران ناچار بکات دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات، " ئەو بیر لە هێرشێکی بەرفراوانتر لە چەند مانگی داهاتوودا دەکاتەوە کە دەتوانێت ئامانجی ڕووخاندنی رژێمی ئێران بێت".
ڕاوێژکاران ئاشکرایان کردووە کە، پێدەچێت ترەمپ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشی پێشوەختە دەستپێبکات و پەیامێکی توند بۆ تاران بنێرێت کە دەبێت ڕازی بێت دەستبەرداری توانای چەکی ئەتۆمی بێت، کە ئامانجە ئەگەرییەکانیش بریتین لە: بارەگاکانی سپای پاسداران، دامەزراوە ئەتۆمییەکان و بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی.
ڕاوێژکارەکان دەڵێن ئەگەر ئەم ڕێوشوێنانە نەتوانن هەڵوێستی ئێران بگۆڕن، ئەوا بژاردەی هێرشی سەربازی فراوانتر لە کۆتایی ئەمساڵدا لەسەر مێزەکە دەمێنێتەوە، کە ئامانج لێی لاوازکردن یان ڕووخاندنی دەسەڵاتی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێرانە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیارە پێنجشەممە دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ کۆببنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێکی دواجار بۆ دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا ترەمپ سیناریۆکان بۆ دەستێوەردانی ئەمریکا لەبەرچاو دەگرێت ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن.