ترەمپ هەواڵەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران ڕەتدەکاتەوە و جەخت لە هێزی ئەمریکا دەکاتەوە

سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا سەرلەبەری ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و ڕایگەیاند'' ئەو وەک بڕیاردەری یەکەم لە وڵاتەکەیدا هەمیشە بژاردەی ڕێککەوتنی لا پەسەندترە وەک لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەگەر بارودۆخەکە بەو ئاڕاستەیەدا بڕوات و نەگەنە هیچ ئەنجامێک ئەوا ڕۆژێکی زۆر ناخۆش و خراپ چاوەڕێی ئێران دەکات.''

سەبارەت بەو هەواڵانەی کە باس لە بوونی ناکۆکی لە نێوان سەرۆک و فەرماندە سەربازییەکان دەکەن، دۆنڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو ئەو زانیارییانەی باس لە دژایەتیکردنی ژەنەڕاڵ دانیال کین بۆ هەر جەنگێکی ئەگەری دەکەن تەنها هەڵبەستراو و چەواشەکارییەکی ڕوونن. 

جەختی لەوەش کردەوە، سەرجەم ئەو نوسینانەی لەسەر پرسی جەنگ لەگەڵ تاران بڵاوکراونەتەوە دوورن لە ڕاستی و بە شێوەیەکی هەڵە بۆ خەڵک گواستراونەتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر هەڵوێستی ژەنەڕاڵ کین و ڕایگەیاند'' ئەو فەرماندەیە هاوشێوەی کەسانی دیکە خوازیاری هەڵگیرسانی جەنگ نییە بەڵام لە هەمان کاتدا دڵنیایی دا کە ئەگەر بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بدرێت سەرکەوتن بۆ ئەمریکا زۆر ئاسان دەبێت و ئێران تووشی زیانی گەورە دەبێت ئەگەر نەتوانێت لە ڕێگەی دانوستانەوە بگاتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ واشنتن.''

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە تیمێکی تایبەت ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئێران و سەرۆکی ئەمریکاش پێداگری کردووە لەسەر ئەوەی هەریەک لە ویتکۆف و کوشنەر بەردەوام بن لە دانوستانەکان بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی کە هەموو ڕێگا دیپلۆماسییەکان تاقی کراونەتەوە پێش ئەوەی پەنا بۆ هەر بژاردەیەکی دیکە ببرێت.






AM:09:46:24/02/2026