ناوەندە فەرمییەکانی سووریا ڕایانگەیاند'' لە ئێستادا شەڕ و پێکدادانێکی توند لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای لازقییە لە ئارادایە.''
بەگوێرەی هەواڵە سەرەتاییەکان، هێزە ئەمنییەکانی سووریا ڕووبەڕووی گرووپێکی چەکدار بوونەتەوە کە وەک "پاشماوەکانی ڕژێم" وەسف کراون و دەیانەوێت پێگەی خۆیان لەو ناوچە ستراتیژییانەدا بپارێزن.
ئاماژە بەوەدەکرێت کە چەقی شەڕەکە دەکەوێتە سنووری ڕۆژئاوای گوندی "حەما" لە ناوچە شاخاوییەکان. ئەم ناوچانە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیان و هەبوونی ئەشکەوت زۆرجار وەک پەناگەیەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەکاردەهێنرێن، ئەمەش وای کردووە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تێیدا ئاڵۆز بن.
تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکان هیچ ئامارێکی وردیان سەبارەت بە زیانە گیانی و ماددییەکانی هەردوولا بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام جەخت لەوە دەکرێتەوە کە هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوەتی دۆخەکە و بێکاریگەرکردنی ئەو گرووپە چەکدارانەدان کە دەیانەوێت ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا دروست بکەن.