'' هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نزیکە ''

ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرانۆت" لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیل و سەرچاوە نزیکەکان لە دۆناڵد ترەمپ بڵاویکردەوە'' ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زۆر نزیکبووەتەوە و سەرۆکی ئەمریکا مەیلی تەواوی بۆ بژاردەی سەربازی هەیە لەکاتێکدا کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلیش پشتڕاستی کردووەتەوە کە تەلئەبیب سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆ کردنەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ کۆتایی پێهێناوە.''

هاوکات، دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی سەکۆی "تروس سۆشیال" پەیامێکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند ئەگەر لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی نەگەنە ڕێککەوتن ئەوا ڕۆژێکی زۆر خراپ چاوەڕێی ئێران دەکات.

لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" لە زاری هەواڵگری ئیسرائیلەوە ئاشکرای کردووە کە توانا سەربازییەکانی ئێستای ئەمریکا لە ناوچەکەدا تەنیا بەشی چوار بۆ پێنج ڕۆژ هێرشی چڕ و بەردەوام دەکات، تەنانەت ئەگەر فشارەکان کەمیش بکرێنەوە ئەوا کۆگای چەک و تەقەمەنییەکان تەنیا بۆ ماوەی هەفتەیەک بەشی ئۆپەراسیۆنەکان دەکات.

سەرڕای گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جیراڵد ئاڕ فۆرد" بۆ ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی سەربازی واشنتۆن بەڵام ڕاپۆرتە تەکنیکییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم هێزە زیادەیەش گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ماوەی بەردەوامی هێرشەکاندا دروست ناکات و سنووری تواناکان هەر بە کورتی دەمێننەوە.




PM:01:24:24/02/2026