"لە یەک مانگدا لە سێدارەدان لە ئێران پێنج هێندە زیادی کردوە"


هەڵمەتی "سێ شەممەکانی نا بۆلە سێدارەدان" راگەیاندراوێکی سەبارەت بە لە سێدارەدانی دەستگیرکراوەکان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە بڵاوکردەوە و دەڵیت "بە تۆمەتی هەڵبەستراوی شەڕکردنی لە دژی خودا لە سێدارەدان هەیە".

سێ شەممە، ٢٤ شوبات ٢٠٢٦، هەڵمەتی سێشەمەکانی نا بۆ لە سێدارەدان ڕایگەیاند "لەلایەن حکومەتی سەرکوتکەری ویلایەتی فەقیە زیاتر لە ٣٥٠ کەس لە ماوەی ئەم مانگەدا لەسێدارە دراوە، کە بەبەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو پێنج ئەوەندە زیادیکردووە".

لە ڕاگەیاندراوەی هەڵمەتەکەدا هاتووە "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕژێمی لەسێدارەدان دادگایی بەپەلە و دۆسیەی هەڵبەستراوی دژی دەستبەسەرکراوەکان  ئەنجامداوە، لە کاتێکدا ئەوان لە مافی پارێزەر و بەرگری لە خۆیان بێبەش کراون و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی نامرۆڤانەیان بوونەتەوە، هەندێکیان ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە بە تۆمەتی هەڵبەستراوی شەڕکردن لە دژی خودا،  لەوانە محەمەد ئەمین بەیگلەری تەمەن ١٩ ساڵ کە لەلایەن دادوەر سەلاوەتی لە لقی ١٥ـی دادگای ڕژێم لە تاران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا".

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هەڵمەتی سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادیخوازان دەکات "کە ببنە دەنگی زیندانییان و گەلانی ئێران ڕێگە نەدەن ژیانی منداڵانی ئەم وڵاتە لەلایەن ستەمکارانی تاوانبارەوە بکوژرێت. داوا لە هەموو خێزانی دەستبەسەرکراوەکان دەکەین کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بارودۆخی منداڵە زیندانیکراوەکانیان بڵاو بکەنەوە، دەنگ بەرز بکەنەو،  ئەمە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی ئەم ڕژێمە دیکتاتۆرییە". 




PM:04:34:24/02/2026