بەرپرسێکی کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا هەروا پابەندە بە هەڵوێستی توندی خۆی لە بارەی پرسی ئەتۆمی ئێران و ئەمریکا رێگە نادات ئێران بەهیچ شێوازێک یۆرانیۆم بپیتێنێت.
ڕۆژی سێشەممە بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند" هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا "ڕوون و ئاشکرا و نەگۆڕە"بەرامبەر بە ئێران، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا ڕێگە نادات ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و تەنانەت "توانای تەکنیکی"ش بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پرسە بۆ ئەمریکاهێڵی سوورە و واشنتۆن وەستاندنی تەواوەتی چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمی دەوێت و ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت یان توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەبێت، هەروەها ناتوانێت بەهیچ شێوازێک یۆرانیۆم بپیتێنێت.
جەختی ەوەش کردەوە کە ئەم هەڵوێستە لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە ، چونکە هاوکاتە لەگەڵ وادەی دڵخوازی ترەمپ (١٠-١٥ ڕۆژ)، ئەمەش هەڵسەنگاندنەکان بەهێزتر دەکات کە واشنتۆن هیچ سازشێک یان ڕێککەوتنێکی کاتی قبوڵ ناکات، بەڵکو پێداگری دەکات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی توانای ئەتۆمییەکان.
چاودێران لە واشنتن پێیان وایە کە جەختکردنەوەیەکی نوێ لەسەر "ڕێگری لە توانای پیتاندن" دەتوانێت بەو مانایە بێت کە داواکارییەکانی ئەمریکا لە توندکردنەوەی کۆنترۆڵی دامەزراوەکان تێپەڕێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی زانستی و تەکنیکی بەرنامە ئەتۆمییەکە بکات، کە بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە، بژاردەی سنووردار بۆ شاندی ئێرانی بەجێدەهێڵێت.