وەزیری دەرەوەی ئێران: بۆ جەنگ و ئاشتی ئامادەین

‌عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران

سبەی گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێف بەڕێوەدەچێت، وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی سەبارەت بە ئەگەر ڕێککەوتن یاخود جەنگ لەگەڵ ئەمریکا قسەی بۆ میدیاکان کرد.

چوار شەممە، ٢٥ شوبات ٢٠٢٦، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند "هەندێک پێشکەوتنمان بە دەست هێناوە و گەیشتووینەتە جۆرێک لە تێگەیشتن لەگەڵ ئەمریکییەکان، گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریکا کارێکە دەکرێت ئەنجام بدرێت، ئێمە بۆ هەردوو بژاردەکە ئامادەین، چ جەنگ بێت یان ئاشتی".

لە بارەی ئامادەییان بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی "ئێمە لە تەواوی ئامادەباشیداین، نەک لەبەر ئەوەی جەنگمان دەوێت، بەڵکو بۆ ئەوەی رێگری لێ بکەین، هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و دەزانین چۆن بەرگری لە خۆمان بکەین".

سەبارەت بە  دۆسیەی ئەتۆمی، عەباس عیراقچی ڕایگەیاند"هیچ بژاردەیەکی سەربازی بۆ بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ئێران بوونی نییە، ڕێڕەوی دیپلۆماسی باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو نیگەرانییەکان".




PM:08:49:25/02/2026