ئەمریکا سزایەکی نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند


وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕاگەیاندراوێکی بلاوکردوەتەوە و تیایدا هاتووە، کە ٣٣ کەسایەتی و دەمەزراوە و کەشتی ئێرانی لە کەرتی وزە سزاداوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، چوار شەممە، ٢٥ شوبات ٢٠٢٦، ڕایگەیاند "نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزای بەسەر زیاتر لە ٣٠ کەسایەتی، دامەزراوە و کەشتیدا سەپاند کە ئاسانکارییان بۆ فرۆشتنی نایاساییی نەوتی ئێران و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و چەکە پێشکەوتووەکانی ئەو وڵاتە کردووە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئەمەش بەشێکە لە هەڵمەتی بەردەوامی وەزارەتی گەنجینە بۆ پیادەکردنی ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئێران، ئەو کەشتییانە کراوەنەتە ئامانج کە وەک بەشێک لە کەشتیگەلی سێبەری ئێران کار دەکەن، کە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران بۆ بازاڕە بیانییەکان دەگوازنەوە و وەک سەرچاوەی سەرەکی داهاتی رژێمەکە دەستنیشانکراون بۆ دابینکردنی تێچووی سەرکوتکردنی ناوخۆیی، گرووپە تیرۆریستییە بریکارەکان و پڕۆگرامەکانی چەک".

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە سبەی پێنج شەممە، گەڕی سێێەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە جنێف بەڕێوە دەچێت. 
تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥دا  نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا وەکو بەشێک لەم هەڵمەتە، سزای بەسەر زیاتر لە ٨٧٥  کەسایەتی، کەشتی و هێڵی ئاسمانی ئێراندا سەپاند.




AM:12:16:26/02/2026