ڕوبیۆ: بەرنامە موشەکی و ئەتۆمییەکانی ئێران مەترسییەکی جدیین بۆ سەر جیهان

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ناوچەی کاریبی ڕایگەیاند'' ئێران خاوەنی جبەخانەیەکی زۆر گەورەی موشەکی بالیستییە و بەو چەکانە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ لە بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەکات.''

 مارکۆ ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە تاران چەکی وای پەرەپێداوە کە نەک هەر جووڵەی کەشتیوانی و هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو مەودای موشەکەکانی دەگاتە زۆربەی ناوچەکانی ئەوروپاش، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێرانییەکان ئامادە نین هیچ گفتوگۆیەک لەسەر ئەم پرسە جدییە بکەن.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی قووڵی وڵاتەکەی نیشاندا لەوەی کە تاران خەریکی گەشەپێدانی موشەکی بالیستی کیشوەرڕبڕە و بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەکانی تاقیکردنەوە لە بۆشایی ئاسمان وەک پۆششێک بەکاردەهێنێت.

 ڕوبیۆ ڕەخنەی لەوە گرت کە سەرەڕای وێرانبوونی ئابووری ئێران بەهۆی سزاکانەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە هێشتا بڕێکی زۆر پارە بۆ زیادکردنی مەودای موشەکەکانیان تەرخان دەکەن، ئەمەش دەسەلمێنێت کە ئامانجە سەربازییەکانیان لە پێشینەی کارەکانیاندایە.
 
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، ڕوبیۆ جەختی کردەوە کە ئەگەر ئێران بە ڕاستی بۆ مەبەستی ئاشتیانە و وزە چاوی لە ئەتۆم بێت، دەتوانێت وەک وڵاتانی تر کورە ئەتۆمییەکان لەسەر زەوی دروست بکات و سووتەمەنی هاوردە بکات. بەڵام کاتێک تاران یۆرانیۆم لە ژێر زەویدا دەپیتێنێت و ئاستی پیتاندن دەگەیەنێتە ٢٠٪ و ٦٠٪، ئەوا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە ئامانجەکەی تەنها دروستکردنی چەکی ئەتۆمییە، بە تایبەت کە هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا خەریکی پەرەپێدانی کڵاوەی ئەتۆمییە بۆ موشەکەکانی.
 
لە بەشێکی تری قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، دوای ئەوەی لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو بەرنامە ئەتۆمییەکەیان پەکخرا، هۆشدارییان پێدرابوو کە دەستی پێنەکەنەوە، بەڵام ئێستا تاران بە ئاشکرا هەوڵی بونیادنانەوەی ئەو بەرنامەیە دەدات. 

ئەم لێدوانانەی ڕوبیۆ تەنها چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ژنێف دێت، کە ئاماژەیە بۆ توندی هەڵوێستی ئەمریکا لەو کۆبوونەوانەدا.




PM:12:21:26/02/2026