مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بەهیچ شێوەیەک هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نادات، و ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر بنەمایەکی "عەقیدەیی و فیقهی"یە نەک تەنها حیساباتی سیاسی.
پزیشکیان ڕوونی کردەوە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، فەتوایەکی دەرکردووە کە تێیدا چەکی کۆمەڵکوژی حەرام کردووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە تاران بە بڕیارێکی بنبڕ چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت.
وتیشی ئەم هەڵوێستە "حوکمێکی فیقهی چەسپاوە" و تاکتیکێکی گۆڕاو نییە. جێی ئاماژەیە خامنەیی، کە خاوەنی بڕیاری کۆتاییە لە دۆسیەی ئەتۆمیدا، ئەم فەتوایەی لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزاردا دەرکردووە.
لە تەوەرێکی تردا، پزیشکیان باسی لەو خۆپیشاندانانە کرد کە لەم دواییانەدا شارەکانی ئێرانی گرتەوە و "دوژمنان"ی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵیان داوە لە ڕێگەی ئەو جوڵانەوەیەوه ڕژێمەکە بڕوخێنن.
هەروەها ئاماژەی بە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کرد کە وتبووی ٣٢ هەزار کەس لە ڕووداوەکانی مانگی یەکدا کوژراون؛ پزیشکیان جەختی کردەوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران ناوی قوربانییەکان و ژمارەی ناسنامەکانیانی بڵاوکردووەتەوە، و داوای لە هەر کەسێک کرد کە زانیاری تری لایە بە بەڵگەوە بیخاتە ڕوو.
سەرۆک کۆماری ئێران وتیشی ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە سووتاندنی مزگەوتەکان و کوشتنی هێزە ئەمنییەکان "ناکرێت وەک خۆپیشاندەر وەسف بکرێن".
ئەم لێدوانانە پێش دەستپێکردنی خولی سێیەمی وتووێژە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن دێت، لە کاتێکدا ئەمریکا بەردەوامە لە تۆمەتبارکردنی ئێران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، کە ئێران هەمیشە ڕەتی دەکاتەوە.
چاودێران دەڵین؛ پزیشکیان بەم قسانە دەیەوێت "نەرمی نواندنێکی ئایینی" نیشان بدات بۆ ئەوەی گرژییەکانی سەر مێزی دانوستان لە جنێف کەم بکاتەوە، بەتایبەت دوای ئەو هەڕەشە سەربازییە توندانەی ترەمپ لەو وڵاتەی دەکات.