وەزیری دەرەوەی ئێران: باشترین و جدیترین دانوستاندنی مێژوویمان لەگەڵ ئەمریکا کرد


وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەی گەڕی سێیەمی دانوستاندەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دەڵێت "لە هەندێک پرسدا تێگەیشتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە و هەندێک پرسی دیکەش جێگەی ناکۆکین".

پێنج شەممە، ٢٦ شوبات ٢٠٢٦، عەباس عێرقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "ئەمە یەکێک بوو لە جدیترین، گرنگترین و باشترین ئەو گفتوگۆیانەی کە لە مێژووی دانوستانەکانماندا لەگەڵ ئەمریکا ئەنجاممان داوە".

 وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە دانوستاندنی داهاتووی نێوان هەردوو وڵاتەکە کرد و وتی "بڕیارە دووشەممەی داهاتوو لە ڤیەننا دانوستانی تیمەکانی تەکنیکی نێوان هەردوو وڵات دەستپێدەکات".

وەزیری دەرەوەی عومان کە وەک نێوەندگیر لە نێوان هەردوو شاندەکەدا کار دەکات، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە بارەی گەڕی سێیەمی دانوستاندنەکانەوە وتویەتی "ئێمە رۆژەکەمان بە پێشکەوتنێکی گرنگ لە دانوستاندنەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا کۆتایی پێهێنا کە کراوەییەکی بێوێنەیان بۆ بیرۆکە و چارەسەری نوێ" نیشان داوە تاوەکو رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگ بکەن.
 
تا ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا هیچ قسەیەکیان سەبارەت بەم گەڕەی دانوستاندنەکان نەکردوە. 




PM:10:57:26/02/2026