دوای ئەوەی لە شەوی ڕابردوەوە گرژی نێوان پاکستان و ئەفغانستان زیادیکردوە، هەردوو وڵاتەکە ئاماری جیاواز بڵاو دەکەنەوە، وەزیری بەرگری پاکستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دەڵێت "ئارامگرتنمان کۆتایی هاتووە، ئێستا لە نێوانماندا جەنگی کراوە دەستیپێکردووە".
هەینی، ٢٧ شوبات ٢٠٢٦، خەواجە محەممەد ئاسف، وەزیری بەرگریی پاکستان ڕایگەیاند "پاکستان هیوای دەخواست دوای کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ ئاشتی لە ئەفغانستان بەرقەرار بێت و تالیبان سەرنج بخاتە سەر خۆشگوزەرانی گەلی ئەفغانستان و سەقامگیریی ناوچەکە، بەڵام ئەفغانستانی کردووەتە کۆلۆنییەکی هیندستان و چەکداری لە هەموو جیهانەوە لێ کۆکردووەتەوە و دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی تێرۆر".
ئەم شەڕ و ئاڵۆزیانە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان هێرشیانکردە سەر کابولی پایتەخت و قەندەهار لە باشوور و ویلایەتی پەکتیکا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان. پاکستان هێرشەکانی بە وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەفغانستان راگەیاندووە.
بە پێی ئامارەکان وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان رایگەیاندووە، ٥٥ سەربازی پاکستانی کوژراون و تەرمی هەندێکیان لە خاکی ئەفغانستانە، و چەند سەربازێکی دیکەش بە دیلگیراون ، هەروەها ١٩ بنکەی سەربازی و ٢بنکەی سەرەکی سوپای پاکستانیان خاپوورکردووە سەبارەت بە زیانەکانی خۆشیان ٨ کوژراو و ١١ برینداریان هەیە، لە بەرامبەردا، عەتاوڵا تەرار وەزیری زانیاریی پاکستان رایگەیاندووە، ٢ سەربازی وڵاتەکەی کوژراون و ٣ سەربازی دیکەش بریندارن.
موشەرەف عەلی زەیدی، وتەبێژی نووسینگەی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بە دیلگیرانی سەربازانی وڵاتەکەی رەتکردەوە و ڕایگەیاندوە "لایەنیکەم ١٣٣ چەکداری ئەفغانی کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون، ٢٧ بنکەی سەربازی ئەفغانی خاپوورکراون و ٩ چەکداریش بەدیلگیراون".
هەروەها میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردەوە، هێزەکانی ئەفغانستان فڕۆکەیەکی پاکستانیان لە ئاسمانی ئەفغانستان خستووەتە خوارەوە.