ئه‌لمۆنیتۆر مەرجەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سوریا ئاشکرا دەکات

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا مەرجێکی توندی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نوێی سووریا دانا، ئەویش ئامادەبوونی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە بوو لەناو شاندە سوورییەکەدا. 

ماڵپەری ئەلمۆنیتۆر، بڵاویکردەوە'' ئەم هەنگاوە کە بە ڕەزامەندی ئەحمەد شەڕع جێبەجێ کرا و تێیدا عەبدی لە تەنیشت وەزیری دەرەوەی سووریا دانیشت، وەک دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆی واشنتۆن بە پێگەی سیاسی و سەربازیی کورد لە داهاتووی سووریادا لێکدرایەوە.''

 ئەم نزیکبوونەوەیەی ئیدارەی ترەمپ لە هەسەدە وەک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ستراتیژی درێژخایەنی ئەمریکا نابینرێت، بەڵکو زیاتر هەوڵێک بوو بۆ هێورکردنەوەی توڕەیی کۆنگرێس. دوای هێرشەکانی مانگی یەکی سوپای سووریا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان و دەرکەوتنی دروشمی توندڕەوی لەناو هێرشبەرەکاندا، واشنتۆن کەوتە ژێر فشاری یاسادانەران بۆ پاراستنی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان و ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.

سێناتۆر لیندسی گراهام ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لە توندکردنەوەی سزاکانی "یاسای قەیسەر" و پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای "ڕزگارکردنی کورد" بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی نوێی دیمەشق، گراهام تەنانەت لە کاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ و ئەحمەد شەڕع لە ژوورەکەدا ئامادە بووە، کە تێیدا ترەمپ داوای لە شەڕع کردووە مەرجەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ هەسەدە باشتر بکات، بە جۆرێک کە ڕێگە بە هەسەدە بدات چوار لیوای سەربازیی هەبێت و سوپای سووریاش نەچێتە ناو شارۆچکە کوردنشینەکانەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، کۆبوونەوەکەی میونشن پەیامێکی دوو لایەنە بوو، بۆ کۆنگرێس کە "دەنگتان بیستراوە" و بۆ ئەحمەد شەڕع کە "لەژێر چاودێریدان". بەڵام سەرەڕای ئەم پشتگیرییە کاتییە، داهاتووی هەسەدە ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، چونکە بە فەرمی ناساندنی سوپای سووریا وەک هاوبەشی دژە داعش و بەردەوامی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەرەو هەرێمی کوردستان، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ڕەنگە تەرکیزی واشنتۆن لە هێزە کوردییەکانەوە بەرەو حکومەتی ناوەندیی سووریا بگوێزرێتەوە.


 




PM:03:41:27/02/2026