بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٨ ی شوباتی ٢٠٢٦ وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ئیسرائیل کاتز لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی هێرشی ئاسمانی پێشوەختەی بۆ سەر ئێران دەستپێکردووەو دووپاتیشی کردەوە کە دەیان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجەکانی تارانی پایتەختی ئێران و ناوچەکانی دیکەی ئەو وڵاتە ئەنجام دراوە.
بەپێی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە دەوترێت بە بەشداری ئەمریکا ئەنجامدراوە، دەیان پێگەیەکیان بۆردومان کردوو، دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا وتی" کەمێك لەمەوبەر هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوان کرد دژی ئێران و ئامانجمان تەنها بەرگریكردنە لە گەلی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەو تیرۆریستە ڕاستەقینانەی کە ٤٧ ساڵە دەیانوت مردن بۆ ئەمریکا".
ترەمپ وتیشی "ئێران پاڵپشتی ژمارە یەکی تیرۆرە لە جیهان و لە عێراق چەندین سەربازی ئێمەیان کەمئەندام کردووە، بۆیە سوپای ئەمریکا لە هێرشێكی درێژخایەندا تەواوی چەک و موشەکەکانیان لەناودەبات و دەیانڕوخێین."
"ئێران هەموو دەرفەتێكی ڕەتكردەوە بۆ وازهێنان لە چەكی ئەتۆمی و خەریکی پەرەپێدانی مووشەکی دوور مەودا بوون کە مەترسییە لەسەر ئێمە، بۆیە چیتر توانای دانبەخۆگرتنمان نەماوە و ئۆپەراسیۆنەکەمان دەستپێکرد".( ترەمپ وا دەڵێت ).
هاتووشە"پەیامم بۆ هەموو ئەندامانی سوپای ئێران ئەوەیە کە دەبێت چەكەکانتان دابنێن و ڕادەستیان بکەن، ئەگەر وا بکەن بەڵێنتان پێدەدەین کە ژیانتان پارێزراو دەبێت، بەپێچەوانەوە بە تەواوی لەناوتان دەبەین".
لە بارەی پەیامەکەی ترەمپەوە بۆ خەڵکی ئێران دەڵێت"بە گەلی ئێرانیش دەڵێم ئازادی لە ڕێگایە و دوای ئەوەی لە ڕێگەی ئەم هێرشەوە دەستمانگرت بەسەر حكومەتی ئێراندا، دەسەڵاتەکە ڕادەستی ئێوە دەکەینەوە".
دواتر ئێران هێرشی پێچەوانەی بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و ژمارەیەک موشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و لە راگەیەنراوێکدا سوپای پاسارانی ئێران وتی " لە کاردانەوە بە دەستدرێژیی دوژمنی دوژمنکار و تاوانکار لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، شەپۆلی یەکەمی هێرشی بەربڵاوی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ سەر دوژمن دەستی پێکرد".
ئەو شوێنای کە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە لە ئێران کرانە ئامانج:
شوێنی مانەوەی سەرۆک کۆماری ئێران و رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی
فڕۆکەخانەی مێهرئاباد
بارەگای هەواڵگری ئیتلاعاتی ئێران
ناوچەی سەید خەندان لە رۆژهەڵاتی تاران
نەتەنز
قۆم
کرماشان
خۆڕەم ئاباد
ئەسفەهان
زیاتر لە ٣٠ شوێن کراوەتە ئامانج تەنها لە شەپۆلی یەکەمی هێرشەکاندا.