ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشەکانی سەر ئێران ئەنجام دەدات

بڕیارە ئەمشەو شەممە، کاتژمێر ١٠:٠٠ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و نائاسایی ئەنجام بدات.

 تەوەرەی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە تاوتوێکردنی هێرشە سەربازییەکانی دوێنێ شەو و لێکەوتەکانی تێکچوونی باری ئەمنی ناوچەکەیە.
ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر داوای فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێکخراوە و هەریەکە لە وڵاتانی چین، ڕووسیا و فەڕەنساپشتیوانییان لە داواکە کردووە. ئەم وڵاتانە داوای هەڵوێستێکی نێودەوڵەتی دەکەن بەرامبەر ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر خاک و سەروەری ئێران.

پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی. 
بە توندی ئیدانەی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و داوای لە هەموو لایەک کرد دان بە خۆیاندا بگرن بۆ ڕێگری لە جەنگێکی سەرتاسەری.

چاوەڕوان دەکرێت لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە ڕێگری لە پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان بکرێت. نوێنەری وڵاتان هەوڵ دەدەن بگەنە تێگەیشتنێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، لە کاتێکدا مەترسییەکان بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزدان.




PM:07:36:28/02/2026