ناتانیاهۆ کوژرانی عەلی خامنەیی رادەگەیەنێت و داوای ڕاپەڕین لە گەلی ئێران دەکات


بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە وتارێکی تەلەفزیۆنی، ڕایگەیاند” عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ژیاندا نەماوە.” 

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان و نیشانە مەیدانییەکان، خامنەیی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران کوژراوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕوونیکردەوە کە لەو هێرشانەدا بارەگای سەرەکیی ڕابەری باڵا لە پایتەختی ئێران بە تەواوی خاپوور کراوە. 

بە وتەی ناتانیاهۆ، جگە لە خامنەیی، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە پلە باڵاکانی ڕژێم و فەرماندە ئەمنییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیش لەو بۆردومانانەدا کراونەتە ئامانج و لەناوچوون، کە ئەمەش گورزێکی کوشندەیە بۆ ته‌واوی سیستەمی حوکمڕانی لەو وڵاتەدا.


لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، ناتانیاهۆ پەیامێکی ئاڕاستەی هاوڵاتیانی ئێران کرد و داوای لێکردن کە ئەم هەلە بقۆزنەوە بۆ گۆڕینی ڕژێمەکەیان. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە گەلی ئێران یەکبگرن و بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ تەواوکردنی ئەرکی ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، چونکە بە وتەی ئەو، ئیتر ڕژێمەکە لوتکەی دەسەڵاتی خۆی لەدەستداوە.

ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکارییەکی سیاسی و سەربازی گەورەدایە و چاوەڕوان دەکرێت کاردانەوەی توندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا بهێنێت، بەتایبەت کە تا ئێستا لایەنی فەرمی ئێران بە شێوەیەکی بڕیارنەدەر بێدەنگییان هەڵبژاردووە یان زانیارییە دژبەیەکەکان لە بارەی تەندروستی خامنەیی بڵاودەبنەوە.




PM:11:08:28/02/2026