سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی عەلی خامنەیی ڕادەگەیەنێت

سەرۆکی ئەمریکا، لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا مردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی پشتڕاستکردەوە. 

دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ڕووداوە نەک تەنها بۆ گەلی ئێران، بەڵکو بۆ گەلانی جیهان و ئەمریکییەکانیش بەدیهاتنی دادپەروەرییە. 

ترەمپ خامنەیی بە یەکێک لە خراپترین کەسایەتییەکانی مێژوو ناوبرد و جەختی کردەوە، خامنەی گروپەکەی بەرپرس بوون لە کوشتن و کەمئەندامکردنی ژمارەیەکی بێشومار لە خەڵکی بێتاوان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

سەبارەت بە وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکە، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە خامنەیی نەیتوانیوە لە دەست سیستەمە پێشکەوتووەکانی هەواڵگری و چاودێری ئەمریکا ڕزگاری بێت. ئەم پرۆسەیە بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی کوژرانی خامنەیی و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی دیکەی هاوەڵی، کە بە وتەی ترەمپ هیچ ڕێگەیەکیان بۆ دەربازبوون لە دەست هێزەکان نەمابووەوە.

لە پەیامێکدا بۆ هێزە چەکدارەکانی ناوخۆی ئێران، ترەمپ داوای لە سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان کرد کە چیدی شەڕ نەکەن و بگەڕێنەوە ناو ڕیزی نیشتمانپەروەران، 

ئاماژەی بەوە کرد کە زانیارییان پێگەیشتووە کە زۆرێک لەو هێزانە داوای لێبووردن و پارێزبەندی دەکەن، هەر بۆیە داوای لێکردن بە ئاشتییانە تێکەڵی خەڵک ببن بۆ گەڕاندنەوەی مەزنی بۆ وڵاتەکەیان، چونکە لە ئێستادا لێبووردن دەیانگرێتەوە بەڵام لە داهاتوودا تەنها مردنیان بۆ دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە گەورەترین دەرفەتە بۆ ئێرانییەکان تا وڵاتەکەیان وەربگرنەوە، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران لە ماوەیەکی کەمدا دوچاری وێرانکارییەکی زۆر بووەتەوە.

 ترەمپ هۆشداری دا کە بۆردومانە چڕ و وردەکان بەبێ وەستان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ئامانجی کۆتایی کە سەقامگیرکردنی ئاشتییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بەدی دێت.




AM:01:07:01/03/2026