وەزیری جەنگی ئەمریکا: کوشندەترین و ئاڵۆزترین هێرشی مێژوومان کردە سەر ئێران


وەزیری جەنگی ئەمریکا، پیت هێگسەس، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هێرشە هاوبەشەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت "ئەمە کوشندەترین، ئاڵۆزترین و وردترین ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کرابێت".

یەک شەممە، ١ ئادار ٢٠٢٦، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند "بۆ ماوەی نزیكەی ٥٠ ساڵە ئێران ئەمریکییەکان دەکاتە ئامانج و دەکوژێت، هەمیشە بەدوای بەهێزترین چەکەکانی جیهاندا گەڕاوە بۆ برەودان بە دۆزە تووندوتیژەکان، بۆیە سەرۆک ترەمپ بڕیاریداوە دەستبەجێ لەگەڵ ئەم شێرپەنجەیە مامەڵە بکات".

لە بارەی بەردەوامی هێرشەکانیان وەزیری جەنگی ئەمریکا وتی "ئەو مووشەکانە لەناو دەبرێن، لەگەڵ هەموو کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک لە ناو ئێراندا. هەروەها هێزی دەریایی ئێران بە تەواوەتی تێکدەشکێندرێت، وەک چۆن سەرۆ ترەمپ  لە تەواوی ژیانیدا وتوویەتی ئێران هەرگیز رێگەی پێنادرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".

بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، پیت هێگسەس دەڵێت "ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستی بەم ململانێیە نەکرد، بەڵام ئێمە کۆتایی پێ دەهێنین. ئەگەر ئەمریکییەکان بکوژن یان هەڕەشەیان لێ بکەن لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت، ئەوا راوتان دەکەین و دەتانکوژین".

وەزیرە ئەمریکیەکە لە کۆتایی قسەکانیدا بە سەربازانی ئەمریکای وت "ئێستا دەستیان بە تەواوەتی کراوەیە بۆ ئەوەی هەموو ئامانجەکان بەدی بهێنن، داوا لە خودا دەکەم کە جەنگاوەرەکانمان لەم ئەرکە گرنگەدا بپارێزێت".
 
شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان. 




AM:09:38:01/03/2026