وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاند” ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی کەوتنە خوارەوە و، لێکۆڵێنەوە لە هۆکارەکەی دەکرێت، سەرجەم فڕۆکەوانەکانیش رزگار کراون”. دوای چەند کاتژمێرێک دوای ئەو رووداوە سێنتکۆم رایگەیاند " بە هەڵە لەلایەن کوەیتەوە خراوەتە خوارەوە".
رۆژی دوو شەممە ٢ ئادار، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سعوود عەتوان، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگریی کوەیت دەڵێت " بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ٢ی ئادار، ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی کەوتوونەتە خوارەوە".
زیاتر وردەکاری بڵاودەکاتەوەو دەڵێت " لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە رێکارەکانی گەڕان و رزگارکردن کردووە و تیمەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی پشکنین و پێشکەشکردنی چاودێریی پزیشکیی پێویست، ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
سعوود عەتوان ئاماژە ئاشکرای دەکات هەماهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا کراوە سەبارەت بە وردەکارییەکانی رووداوەکە و رێکارە تەکنیکییە هاوبەشەکانیش گیراونەتەبەر.
وتەبێژ وەزارەتی دەرەوەی کوەیت جەخت دەکاتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکاندان بۆ زانینی هۆکارەکانی رووداوەکە.
لەلایەکی ترەوە، بەپێی راگەیێندراوی سێنتکۆم، "رووداوەکە کاژێر ١١ی شەوی 1ی ئادار روویداوە و فڕۆکەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی دارستان ئاسا) لە ئەرکدا بوون، بەڵام لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران کە فڕۆکەی جەنگی، مووشەکی بالیستی و درۆنی تێدا بەکارهاتووە، لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی کوێتەوە بە هەڵە کرانە ئامانج و خرانە خوارەوە."
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر شەش ئەندامی تیمی فڕۆکەکان پێش کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکانیان، بە سەلامەتی بە پەڕەشووت خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە و تەندروستییان جێگیرە.