ترەمپ: پێویست بکات هێزی سەربازی ڕەوانەی خاکی ئێران دەکەم

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، هەڵوێستێکی توندی بەرامبەر تاران نیشان دا و ڕایگەیاند” ئەگەر بارودۆخەکە بخوازێت، بژاردەی ناردنی هێزی سەربازی بۆ ناو خاکی ئێران بەدوور نازانێت.” 

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئەو وەک هەندێک لە سەرۆکەکانی پێشوو نییە کە پێشوەختە ئەو بژاردەیە ڕەت بکەنەوەبەڵکو ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە ڕەنگە پێویستیان پێیان نەبێت، بەڵام لە کاتی زەروورەتدا دوودڵ نابێت لە ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە.

لەلایەکی دیکەوە، پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، تیشکی خستە سەر وردەکارییەکانی هەماهەنگیی سەربازیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئاشکرای کرد کە تا ئێستا لە چوارچێوەی هێرشە هاوبەشەکاندا هیچ هێزێکی وشکانییان ڕەوانەی ناو ئێران نەکردووە. هێگسێس ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتۆن ئامادەیە تا کۆتایی لەم شەڕەدا بڕوات و هەموو پشتگیرییەکی پێویست پێشکەش بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەربازییەکانیان.

سەبارەت بە کات و خشتەی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکان، وەزیری جەنگی ئەمریکا دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی شەڕەکەی لە ڕۆژی شەممەوە ڕاگەیاند. ناوبراو پێشبینی دەکات کە ئەم خولەی پێکدادان و هێرشە سەربازییانە ماوەی شەش هەفتە بخایەنێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی درێژخایەنیان بۆ لاوازکردنی تواناکانی ئێران داڕشتووە.



PM:10:05:02/03/2026